عێراق هەوڵی گێڕانەوەی سووریا بۆ ناو كۆمكاری عەرەبی دەدات

عێراق هەوڵی گێڕانەوەی سووریا بۆ ناو كۆمكاری عەرەبی دەدات
ئەمڕۆ یەكشەممە باڵیۆزی عێراق لە كۆمكاری عەرەبی داوای كرد دووبارە ئەندامیەتی سووریا لە كۆمكاری عەرەبیدا كارا بكرێتەوە، داواشی لە سووریا كرد ناكۆكیەكان وەلاوە بنێت بۆ هێنانەدی سەقامگیری و ئاسایش بۆ وڵاتەكە.

ئەحمەد نایف دلێمی باڵیۆزی عێراق لە كۆمكاری عەرەبی لە كردنەوەی خولی 152ی ئاسایی ئەنجوومەنی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبیدا، رایگەیاند كە ئەمڕۆ كۆمكارە عەرەبیەكە ڕووبەڕووی ئالەنگاریی زۆر و تەنگژەی نوێ دەبێتەوە، بۆیە وڵاتانی عەرەبی پێویستیان بە بەخۆداچوونەوە هەیە.

دلێمی گوتیشی پێویستە وڵاتانی عەرەبی چیتر خۆ لە سیاسەتی ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخەكە بەدوور بگرن، ڕێگرییش لە دەستێوەردانی زیاتری دەرەكی بكەن، كار بۆ هێنانەدی زیاتر ئاواتەكانی گەلانی ناوچەكە بكەن.

باڵیۆزی عێراق لەمبارەوە ئاماژەی بە سووریاش كرد كە ڕژێمەكەی لە پاڵ ئێراندا، هاوپەیمانێكی ناڕاستەوخۆی عێراقە، داوای كرد وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی، ئەندامیەتی دیمەشق لە كۆمكارەكەدا كارا بكەنەوە، هەروەك داواشی لە وڵاتانی سووریا، یەمەن و لیبیا كرد ئیتر ناكۆكیەكان وەلاوەبنێن و پەنا ببەنە بەر وتوێژ بۆ هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەكانیاندا.

جێی باسە ئەندامیەتی سووریا لەوەتەی ساڵی 2011وە لە كۆمكاری عەرەبی سڕ كراوە.
Top