پەرلەمانتارێکى عێراق لەبارەی کڕینى سیستەمى بەرگریى موشەکییەوە ڕوونکردنەوە دەدا

پەرلەمانتارێکى عێراق لەبارەی کڕینى سیستەمى بەرگریى موشەکییەوە ڕوونکردنەوە دەدا
ئەندامێکى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق رەتیکردەوە لە ئێستادا عێراق بەنیازى کڕینى سیستەمى بەرگریى موشەکى بێت بەهۆى ئەو بارودۆخەى کە حکوومەتەکەى عەبدولمەهدى پێیدا تێپەڕدەبێت.

د. ناسر هەرکى ئەندامى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق راگەیاند: "بارودۆخى دارایى و سیاسى عێراق لە ئێستادا بەهیچ جۆرێک رێگە نادات ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنى سیستەمى بەرگریى موشەکیى چوونکە چەندین کێشەى دیکە هەن کە بەرۆکى حکوومەتەکەى عەبدولمەهدیان گرتووە لەوانەش خراپى رەوشى ئەمنى و ململانێى تایفى و مەزهەبى و کێشەى ئاوارەکان و خراپى رەوشى ئابووری، بۆیە ناتوانرێت ئەو پارە زۆرە بۆ کڕینى سیستەمى بەرگریى موشەکیى دابین بکرێت".

ناوبراو راشیگەیاند: " بەپێى رێککەوتنى نێوان عێراق و ئەمریکا تا ئێستاش پاراستنى سەروەریى عێراق لەڕووى ئاسمانییەوە لەلایەن ئەمریکاوە دەپارێزرێت، هەرچەندە بابەتى سەرکەوتنى ئەمەریکا لە پاراستنى سەروەریى عێراق قسەى زۆرى لەسەر دەکرێت و تێبینى لایەنە سیاسییەکانى عێراقى لەسەرە بەڵام ئەمە بووەتە ئەمرى واقع ئەگەرچى ئسمانى عێراق رۆژانە لەلایەن فڕۆکەى وڵاتانى دراوسێ و هەرێمییەوە دەبەزێنرێت".

دەربارەى ئەو دەنگۆیانەى باس لەکڕینى سیستەمى بەرگریى موشەکیى رووسى و چینى دەکەن لەلایەن حکوومەتى عێراقەوە ئەندامەکەى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بە ئەوە کرد" ئەو هێرشانەى بەمدواییە کرانە سەر بنکە و بارەگاکانى حەشدى شەعبییەوە ئەو بۆچوونەى لاى ژمارەیەک پەرلەمانتار گەڵاڵە کرد بەڵام واقعى ئەمڕۆى عێراق پێمان دەڵێت باری ئابوورى و سیاسى عێراق گونجاو نییە بۆ کڕینى سیستەمى بەرگریى موشەکى".
Top