شیعەکانی کەرکووک ئامادەکاریی بۆ یادی عاشوورا دەکەن

شیعەکانی کەرکووک ئامادەکاریی بۆ یادی عاشوورا دەکەن
ئاماده‌كاری بۆ یادی عاشوورا لە کەرکووک دەکرێت، شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كان بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ ماته‌مینی بۆ ئیمام حوسێن ده‌گێڕن. جیاواز له‌ ساڵانی رابردوو، بۆ یادی ئه‌م ساڵی عاشوورا شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كان به‌ ده‌یان کاروانیان له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقه‌وه‌ هێناون‌، هه‌موویان یه‌ك بۆچوونیان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن: كه‌ركووك عێراقییه‌ و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌.

عه‌بدوڵڵا حوسێن، دانیشتووی پارێزگای زیقاڕ رایگه‌یاند: "له‌ ز‌یقاڕه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ یادی ئیمام حوسێن هاتووم، سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركووك و خه‌ڵكه‌كه‌ی، كه‌ركووك شارێكی عێراقییه‌، كه‌ركووكی برایه‌تی و ئاشتی و خۆشه‌ویستییه‌، هەموو پێکهاتەکانی تێدایە، عه‌ره‌ب، توركمان، كورد، كریستیان، سوننە، شیعە و ئێزدی"‌.

رۆژانه‌ زیارەتکاران زۆربه‌ی شه‌قامه‌كانی كه‌ركووك داده‌خه‌ن و خواردن و خواردنه‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵك دابه‌شده‌كه‌ن و وه‌كو خۆیان دەڵێن: شیعه‌ له‌ زیادبوونی به‌رده‌وام دایه‌ و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیمام عه‌لی بەڕێوه‌یه‌.

شێخ جه‌عفه‌ر ئیمام زه‌ین عابدین، نوێنه‌ری مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه‌ له‌ که‌ركووك گوتی: "رژێم وێرانبوو و لەنێوچوو، بۆ ئێمە بیر له‌وه‌ بكه‌یه‌نه‌وه‌ یەکێک بەسەر یەکێکی دیکەدا زاڵبێت، ئێمه‌ كراوەین و ده‌بینه‌ هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ هه‌موولایه‌ك بۆ بنیاتنان و پێشخستنی ئه‌م وڵاتە و ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌ستكه‌وت و پێشكه‌وتنی زیاتر پشت به‌خودا".

له‌ 10ی عاشووڕا له‌ 21 شوێنی پارێزگای كه‌ركووك، شیعه‌كان شین بۆ ئیمام حوسێن ده‌كه‌ن و له‌ خۆیان ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌م ساڵ ده‌یان فه‌رمانده‌ و كه‌سایه‌تی ئایینی و سیاسی شیعه‌ بانگهێشتی مەراسیمی عاشوورا كراون.
Top