موقتەدا سەدر هەڕەشە دەکات و حەشدی شەعبی پێکهێنانی هێزی ئاسمانی رەتدەکاتەوە

موقتەدا سەدر هەڕەشە دەکات و حەشدی شەعبی پێکهێنانی هێزی ئاسمانی رەتدەکاتەوە
دوای ئەوەی موقتەدا سەدر توویتێکی ماڵئاوایی لە عێراق بڵاوکردەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر پێکهێنانی هێزی ئاسمانی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، نووسینگەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رەتیکردەوە پلانی وایان هەبێت.

ئەمڕۆ نووسراوێکی کارگێڕی بە واژۆی جەمال جەعفەر ئال ئیبراهیم ناسراو بە ئەبومەهدی موهەندیس بڵاوکرایەوە کە لە رێککەوتی 4-9-2019 دەرچووە و تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە فەرمانی دیوانی ژمارە 79ی ساڵی 2014 و نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 8-9-2014، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیاندراوە و بەپێی پێویستی و بەرژەوەندی گشتی، بەڕێوەبەرایەتی هێزی ئاسمانیان پێکهێناوە.

لە نووسراوەکەدا هەروەها هاتووە، سەلاح مەهدی حەنتوش-یان وەک بەڕێوەبەی هێزی ئاسمانی بە وەکالەت راسپاردووە و بڕیارەکەش لە رۆژی دەرچوونی جێبەجێ دەکرێت.

دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوەکە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە توویتێکدا ناڕەزایەتی تووندی خۆی بەرامبەر ئەو هەوڵانە دەربڕی و نووسیویەتی: " بە بڵاوکردنەوەی ئەم توویتەم، کۆتاییهاتنی حکومەتی عێراق رادەگەیێنم. عێراق لە دەوڵەتێک کە یاسا کۆنترۆڵی دەکات بۆ دەوڵەتێكی پشێوی گۆڕاوە. ئەگەر حکومەتی عێراق رێکاری تووندی یەکلاییکەرەوە نەگرێتەبەر، ئەوا بێبەری خۆمی لێ رادەگەیێنم".

لەدوای توویتەکەی موقتەدا سەدر، نووسینگەی فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە پێکهێنانی هێزی ئاسمانی تایبەت بە حەشدی شەعبی دەکەن، دوورن لە راستیەوە.
Top