كه‌سێكی نزیك له‌ به‌غدادی باسی دوایین دیداری "خه‌لیفه‌" ده‌كات

كه‌سێكی نزیك له‌ به‌غدادی باسی دوایین دیداری
یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، خه‌لیفه‌ی داعش، باس له‌ ژیانی تایبه‌تی به‌غدادی ده‌كات و له‌ به‌رده‌م دادگا رایگه‌یاند، كه‌ داعش كێشه‌ی ناوخۆیی زۆری هه‌بوو و ته‌ندرووستی "خه‌لیفه‌"ش باش نییه‌.

ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق، دانپێدانانه‌كانی ئه‌میرێكی رێكخراوی داعشی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ناوی (ره‌باح عه‌لی ئیبراهیم عه‌لی به‌دری)، كه‌ ئامۆزای ئه‌بوبه‌كر به‌غدادییه‌، پێشتر له‌ رێكخراوه‌كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری "دیوانی كشتوكاڵی" بووه‌ و ئێستاش له‌ دادگای كه‌رخی تایبه‌ت به‌ كه‌یسی تیرۆر، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

ئه‌و تیرۆریسته‌ له‌ دانپێدانانه‌كانیدا ده‌ڵێت: "سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدادی، له‌ سه‌ره‌تای راگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت له‌ 2014 و وه‌رگرتنی پۆستی دیوانی كشتوكاڵ، كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهات و دارایی رێكخراوه‌كه‌ بوو، ته‌نها یه‌كجار ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی بینیوه‌".

ئامۆزاكه‌ به‌غدادی روونیشی كردووه‌، دوای ونبوونی خه‌لیفه‌كه‌ی داعش، چه‌ندینجار له‌لایه‌ن براكه‌ی به‌غدادی و پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كانی هۆشداری له‌ بینینی پێدراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ ترسی ئاشكرابوونی شوێنی حه‌شاردانی.

به‌ گوته‌ی خۆیشی، تاكه‌ بینینی به‌غدادی ئه‌و كاته‌ بووه‌، كه‌ ریزی رێكخراوه‌كه‌ی جێهێشتووه‌ و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی چوونه‌ته‌ سووریا، دوای ئه‌وه‌ی براكه‌ی به‌غدادی به‌ شوێنی داهاتووه‌ و له‌گه‌ڵ پیاوێكی دیكه‌ چاویان به‌ستووه‌ و بۆ دیداری به‌غدادی بردوویانه‌.

ده‌شڵێت: "كه‌ چاوی منیان به‌ستا، منیان برد و له‌ ماڵێكی ساده‌ به‌غدادیم بینین، پیاوێكی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ بوو كه‌ پێده‌چوو، سعوودی بێت".

ئامۆزاكه‌ی به‌غدادی باس له‌وه‌ ده‌كات، ته‌واوی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی بۆ "خه‌لیفه‌ " باسكردووه‌ و له‌ وه‌ڵامیشدا به‌غدادی رایگه‌یاندووه‌، كه‌ ئاگاداری هه‌موو كێشه‌كانه‌ و به‌شێك له‌ چه‌كداره‌ بیانییه‌كان نیازی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و كوده‌تایان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش تونسی و سعوودییه‌كان.

ئه‌و ئه‌میره‌ی داعش باس له‌وه‌ش ده‌كات، به‌غدادی به‌ هۆی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و هه‌ڵشكانی ته‌مه‌نییه‌وه‌ ماندووبوونی پێوه‌دیار بوو، به‌هۆی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌گه‌ریی بۆ گوێی چه‌پیشی ته‌ندرووستی باش نه‌بووه‌.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ ئه‌و شوێنه‌ی به‌غدادی لێ بینیوه‌، ماڵێك بووه‌ له‌ ناوچه‌ی ئه‌لبوكه‌مالی سووریا، كه‌ له‌سه‌ر سنووری نێوان سووریا و عێراقه‌.

ئه‌وبه‌كر به‌غدادی، له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2014، دوای ئه‌وه‌ی پارێزگای مووسڵی له‌ ده‌ست سوپای عێراق ده‌رهێنا، خه‌لافه‌تی راگه‌یاند و خۆیشی وه‌كو خه‌لیفه‌ ناساند.
Top