رەعد دەهلەكی: 250 هەزار کەس لە عێراق بێسەروشوێنن

رەعد دەهلەكی: 250 هەزار کەس لە عێراق بێسەروشوێنن
سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، 250 هەزار بێسەروشوێن و رفێندراو لە عێراقدا هەن، "ئەگەر حكومەت رێكاری راستەقینە نەگرێتەبەر بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسیان، پرسەكە بەنێودەوڵەتی دەكەین".

رەعد دەهلەكی، سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "لیژنەی بێسەروشوێنبووان و رفێندراوان دۆسییەكانی پێشكەشی حكومەت، نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە. داواش لە حكومەت دەكات چارەنووسی بێسەروشوێنبووان ئاشكرابكات".

بە گوتەی دەهلەکی "حكومەتی عێراق بەڵێنی زۆری داوە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ ئەنجامێك یان هەنگاوێكی جێبەجێنەکردووە، لەكۆی 150 هەزار ونبوو لەسەرجەم پارێزگاكان، زیاتر لە 12 هەزاریان ناوەكانیان پێشكەشی سەرۆكوەزیران كراوە".

سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق هۆشداریش دەداتە حکومەت و دەڵێت "ئەگەر حكومەت بێ وەڵام بێت و هیچ رێكارێكی راستەقینە نەگرێتە بەر، پرسەكە بە نێودەوڵەتی دەكەین".

بێسەروشوێن بووەکان لە هەموو پارێزگاکانی عێراقن، بەشێکی زۆریان هی سەردەمی شەڕی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکانن لەدەستی داعش. لەکۆی ئەو 250 هەزارەش، تەنها ناوی 12 هەزار کەس دراوەتە حکومەتی عێراق.
Top