داعش لە دوای گوێدرێژ ڕوو لە بەكارهێنانی مانگا دەكات

داعش لە دوای گوێدرێژ ڕوو لە بەكارهێنانی مانگا دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە كەناڵی (ئەلحورە)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە كە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش چیتر گوێدرێژ لە هێرشە تیرۆریستیەكانیان لە عێراق بەكارناهێنن، بەڵكو ئێستە ڕوویان لە بەكارهێنانی مانگا كردووە بۆ مینڕێژكردن و تەقاندنەوە.

ئەلحورە پشتی بە زانیاریی دەزگا ئەمنیەكانی عێراق بەستووە و ئاماژە بەوە دەدەن كە ڕۆژی یەكشەممەی رابردوو دوو مانگای مینڕێژكراو لە گوندێكی ڕۆژهەڵاتی عێراق تەقیونەتەوە. لە كاتێكدا پێشتر چەند جارێك داعش گوێدرێژی لە هێرشەكاندا بەكارهێنابوو.

هەردوو مانگاكە مینڕێژ كرابوون و بەرەو خاڵێكی پشكنینی سەربازی لە پارێزگای دیالە ڕەوانە كرابوون، سەربازەكانی خاڵی پشكنینەكەش زوو هەستیان پێكردبوو، بۆیە هەردوو مانگاكەیان دابووە بە ڕێژنەی گوللە و تەقاندبوویانەوە، لە ئەنجامدا هاووڵاتیەك بریندار بوو.

پێشتر پەیمانگەی (لێكۆڵینەوەی شەڕ) راپۆرتێكی بڵاوكردبووەوە و رایگەیاندبوو كە بەكارهێنانی ئاژەڵ لە هێرشەكانی داعشدا شتێكی كۆن نیە و بەم دواییانە سەری هەڵداوە.
Top