لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان سکاڵا تۆمار دەکرێت

 لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان سکاڵا تۆمار دەکرێت


سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات ئەمڕۆ پارێزەرێک رادەسپێرین بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق.



جوان رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە فراکسیۆنی پارتی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە٤ی٩ی٢٠١٩ لیژنەکەیان لەگەڵ ئەو پارێزەرە کۆ دەبێتەوە کە رای دەسپێرین تاکوو لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان عێراق تۆمار بکات".



لەبارەی ھۆکاری سکاڵاکە جوان رۆژبەیانی گوتیشی: "بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی ھەموارکراوی٢٠١٩ی عێراق ئاوارەکانی شارەکانی دیکە، بەتایبەت کەرکووک و مووسڵ و دیالە و سەڵاحەددین ناتوانن لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەنگ بدەن و ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر رێژەی کورد لەو پارێزگایانە دەبێت".



سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان گوتیشی: "سەرۆکایەتیی پەرلەمان رێگەی داوە سکاڵاکە تۆمار بکەین و لە ئەمڕۆوە پارێزەرەکە دەتوانێت بچێتە بەغدا و سکاڵاکە تۆمار بکات".



یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەلایەن کوردەوە رەت دەکرێتەوە و بڕیارە پارتی دیموکراتی کوردستانیش سکاڵا لەسەر ھەمواری یاساکە تۆمار بکات.








باسنيوز
Top