میدیاییەکی ئەمریکی دامەزراوە ئایینییەکانی عێراق بە گەندەڵ ناودەبات

میدیاییەکی ئەمریکی دامەزراوە ئایینییەکانی عێراق بە گەندەڵ ناودەبات
بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەبارەی بوونی گەندەڵی لە دامەزراوە ئایینییەکان، دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق سکاڵا دژی کەناڵی حورە - عێراق تۆماردەکات.

بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە و دواتر پەخشکردنی پرۆگرامێک لەبارەی گەندەڵی لە هەندێک لە دەزگا و دامەزراوە ئایینییەکانی عێراق کاردانەوەی تووندی بەدوادا هات.

لە راپۆرتەکە و پرۆگرامەکەی کەناڵی حورە - عێراق، ئەمریکا پاڵپشتی دارایی دەکات، ناوی سەرۆکی وەقفی سوننە، موفتی سوننەی عێراق، سەرۆکانی عەتەبەی عەباسی و عەتەبەی حوسەینی شیعە دەهێندرێت و بە تێوەگلان لە گەندەڵی تۆمەتباریان دەکات.

دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "چەند مانگێکە چاودێری گوتاری دوژمنکارانەی چەند کەناڵێکی لۆکاڵی و جیهانی دەکەین کە گەل، باوەڕداران و عێراق دەکەنە ئامانج. پشتگیری هەر رێوشوێنێکی حکومەت دەکەین بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە".

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش راگەیێندراوێکی لەبارەی کەیسەکەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "راپۆرتەکە دەزگا و پێگەی مەرجەعە ئایینییەکانی لە عێراق کردە ئامانج و کاتی ئەوە هاتووە دەزگاکانی حکومەت رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ کاراکردنی رێنماییەکانی هەڵسوکەوتی پیشەییانەی رۆژنامەوانی و کۆنترۆڵکردنی گۆڕەپانی راگەیاندن".

کاردانەوەکان هێندە تووندبوون باڵێۆزخانەی ئەمریکایان لە عێراق هێنایە وەڵام. لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ناوەڕۆکی بەرنامەکانی ئەو کەناڵەدا نییە و عێراقیش مافی خۆیەتی سکاڵا دژی تۆماربکات، ئەگەر پێیوایە کەناڵەکە زانیاری نادروستی بڵاوکردووەتەوە".

وروژاندنی پرسیار لەبارەی رۆڵی پیاوانی ئایینی لە عێراق لە بواری ئابووری و حکومەت و داهاتی مەزارگە ئایینییەکان نوێ نییە، بەڵام هەر جارێک ئەم بابەتە بروژێندرێ کاردانەوەی زۆر تووند بەدوای خۆیدا دەهێنێ.
Top