حکوومەتی عێراق ئاوارەکان بەزۆر دەنێرێتەوە شوێنی خۆیان

حکوومەتی عێراق ئاوارەکان بەزۆر دەنێرێتەوە شوێنی خۆیان

دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی هەرسێ کەمپی نەمرود، سەلامیە و حەمام عەلیل لە سنووری پارێزگای نەینەوا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لە بەزۆر ناردنەوەی ئاوارەکان و نیگەرانی لە بەزۆر گەڕاندنەوەیان دەربڕی.

لەم بارەیەوە، مارتا روێدس، رێكخه‌ری كاروباری مرۆیی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق، هۆشداریدا لە بەزۆر ناردنەوەی ئاوارەکان و نیگەرانی خۆی لە گەڕاندنەوەی هەزار و 600 ئاوارەی کەمپەکانی سەلامیە، نەمرود و حەمام عەلیل لە سنوری پارێزگای نەینەوا دەربڕی. مارتا روێدس رایگەیاندووە، بەگەڕانەوەیان مەترسی زۆر لە سەر ژیانیان دروست دەبێت.

ئاوارەی نێو ئەو کەمپانە کە لەسەر هاوکارییە مرۆییەکان دەژین، ناچار بە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان دەکرێن، لە کاتێکدا زۆربەیان بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە خانووەکانیان رووخاوە و ئێستاش ئەو توانایەیان نیە بنیاتنی بنێنەوە.

ئەوەی زیاتر رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نیگەران کردووە، بوونی مەترسییە لەسەر ژیانی ئاوارەکانە، لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان، چونکە زۆربەیان لەترسی کردەوەکانی تۆڵەکردنەوە، ناوێرن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

لە چەند رۆژی رابردوودا، 300 خێزانی ئاوارە بەزۆر رەوانەی ناوچەکانیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و ئەنبار کرانەوە و حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر ناردنەوەی سەرجەم ئاوارەکان و چۆڵکردنی کەمپەکان.





K24
Top