پڕۆژهی دهركردنی هێزه بیانییهكان دهبرێته پهرلهمانی عێراق
لهمبارهشهوه پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانێتی فەتح ئاماژە بەوەدەدات، زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوە یاخود هەمووارکردنەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتنن.
بەدر زیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئهنجوومهنی نوینهرانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان لەڕێگەی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای دەرچوونی هێزە بیانییەکان، سوورە لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
گوتیشی: لە یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی داهاتووی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا دەدرێت.
لە ساڵی 2008 بەغدا و واشنتن رێککەوتننامەیەکی ستراتیژیان واژۆکرد، کە بە رێککەوتننامەی سۆفا ناسراوە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە لە ئەگەری ئەوەی عێراق رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، ئەوا ئەمریکا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق رێکكاری پێویست بۆ پشتیوانیکردن لە حکوومەت دەگرێتبەر.
لە دوای کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق لەلایەن رێكخراوی داعشهوه، هێزەکانی ئەمریکا، کە لە ساڵی 2011 لەو وڵاتە پاشەکشەیانکردبوو دووباره گەڕانەوە ئهو وڵاته، لایەنە شیعەکان ئەو رێککەوتنە بە داگیرکاری بۆ عێراق و پێدانی دەسەڵاتێکی رەها به ئەمریکییەکان پێناسە دەکەن.
موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی فەتح ئاشکرای دەکات، کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لەسەر هەڵوەشاندنەوە یاخود هەمووارکردنەوەی رێککەوتننامەکە ناکۆکن، بەشێکیان یار و بەشێکی دیکەیان نەیاری رێککەوتنەکەن.
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، بەشێکی زۆر لە کوتلە سیاسییەکان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوە یاخود هەمووارکردنەوەی یاساکەن. هەروەها روونیکردووەتەوە، بەهۆی گوشارەکان نەتواندراوە تاوەکو ئێستا کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی سۆفا بکرێت.
هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ژمارهیهك سەربازگە و کۆگاکانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، رەنگە بیانوویێکی بەهێزی دابێتە دەست شیعەکان بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر حکوومەت، تاوەکو هەڵوێستێکی لەبارەی رێککەوتنەکە هەبێت، بەڵام نازاندرێت ئەمجارەش ئەو هەوڵەی شیعەکان بێئەنجام دەبێت یاخود کۆتایی بە هێزەکانی ئەمریکا له عێراق دەهێنێت.