میلیشیا عێراقییەکان ئامادەکاریی بۆ لێدان لە ئەمریکییەکان دەکەن
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز)، کە ئەمڕۆ شەممە 31-8-2019 بڵاو کراوەتەوە، کەسانی نەناسراو لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە دەدەن، کە لەگەڵ هێز و رێکخراوە ئەمریکییەکان کار دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنی هۆشداریی داوە لەوەی ئەو کەسە نانسراوانە ”مەبەستی خراپیان هەبێت“ و داوای لە هاووڵاتییان کردووە زانیاریی لەبارەی ئەو کەسە نەناسراوانە بدەنە دەزگا ئەمنییەکان.
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە زۆرینەیان بڕیار لە حکوومەتی ئێران وەردەگرن، چەندین جار دژایەتیی خۆیان بۆ ئەمریکییەکان دووپات کردووەتەوە و داوای دەرکردنیان لە عێراق دەکەن.
هەر ئەمڕۆ شەممە 31-8-2019، میسال ئالوسی، پەرلەمانتار و سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هەردوو میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق و نوجەبا زیانی گەورە بە عێراق و میوانەکانی دەگەیەنن و داوای هەڵوەشاندنەوەیانی کردبوو.
ئەو بەیاننامەیەی ئالوسی بەهۆی ئەوە هات، کە دوای بۆردومانکردنی ژمارەیەک بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، ئەو دوو میلیشیایە ئەمریکایان بە بەرپرسی ئەو هێرشانە ناساند و داوای شەڕکردن و دەرکردنی ئەو هێزانەیان لە عێراق کرد.
لە ناوەڕاستی مانگی 8ـی 2019، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز