سیاسەتمەدارێکی عێراقی: داوای هەڵوەشاندنەوەی دوو میلیشیای حەشدی شەعبی دەکرێت
سیاسەتمەدارێکی عێراقی داوای هەڵوەشاندنەوەی دوو میلیشیای حەشدی شەعبی دەکات و رایدەگەیەنێت، زیان بە عێراق دەگەیەنن.
ئەمڕۆ شەممە 31-8-2019، میسال ئالوسی، پەرلەمانتار و سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هەردوو میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق و نوجەبا زیانی گەورە بە عێراق و میوانەکانی دەگەیەنن، ”ئەوان دەوڵەتی عێراقیان پێ گرنگ نییە“، تەنیا بیر لە پاراستی ئێران دەکەنەوە.
میسال ئالوسی بۆ سەلماندنی بوونی دەوڵەتێک بەناوی عێراق، داوای لە حکوومەتی عێراقی کردووە ”دەست بەجێ“ ئەو دوو میلیشیایە هەڵبوەشێنێتەوە و قەیس خەزعەلی و ئەکرەم کەعبیی سەرکردەیان رەوانەی دادگا بکات.
ئەو بەیاننامەیەی ئالوسی بەهۆی ئەوە دێت، کە دوای بۆردومانکردنی ژمارەیەک بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، ئەو دوو میلیشیایە ئەمریکایان بە بەرپرسی ئەو هێرشانە ناساند و داوای شەڕکردن و دەرکردنی ئەو هێزانەیان لە عێراق کرد.
لە ناوەڕاستی مانگی 8ـی 2019، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز