نورى پۆستێکی نوێ وەردەگرێت

نورى پۆستێکی نوێ وەردەگرێت


سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانون ئاشکرای کرد، چاوەڕوانی ئەوە دەکات، لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە بڕیاری دانانی وەک جێگری سەرۆک کۆمار بۆ دەربکرێت.



نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانون، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیاکانی عێراق رای گەیاندووە، زەحمەتە لەم دۆخەی ئێستادا وەکوو ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق کار بکات و ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.



هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی دەرچووە و ئێستا دەستێوەردان لەو کارانەدا دەکات کە لە دەرەوەی دەسەڵاتیدایە، وەکوو پلەی سەربازی و کاروباری دارایی.



مالیکی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە چاوەڕوان دەکات بڕیاری دانانی وەک جێگری سەرۆک کۆماری عێراق دەربکرێت، تاوەکوو لە پەرلەمانەوە بە فەرمی سوێندی یاسایی بخوات و وەک جێگری سەرۆک کۆمار کار بکات.



پێشتریش مالیکی رای گەیاندبوو کە دانەنانی جێگری سەرۆک کۆمار پێشێلکاریی دەستوورییە و لە دەستووردا هاتووە کە سەرۆک کۆمار، جێگرێک یان زیاتری دەبێت.



نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانوونە، پێشتر دوو خول سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە و لەو ماوەیەشدا کێشەیەکی زۆر گەورەی سیاسی و ئیداری و دارایی لە عێراق سەریهەڵداوە و بەشێکی گەورەی عێراق کەوتووەتە دەست داعش، دوای لادانیشی لە پۆستی سەرۆکی حکوومەت، مالیکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بووە.








باسنيوز
Top