حكوومەتی عێراق دووپات لەسەر بەدواداچوونی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان دەكاتەوە
ئەمڕۆ لیژنەی نێودەوڵەتیی ڕێكخراوی خاچی سوور لە عێراق بە بۆنەی ساڵڕۆژی جیهانی بێسەروشوێنبووان لە بەغدا چالاكیەكی ساز كرد، تێیدا حەمید ئەلغەزی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە دەیان ساڵە خێزان و كەسوكاری بێسەروشوێنبووان لە عێراق لە ئازارێكی بێسنووردا دەژین.
ئەلغەزی كە بە نوێنەرایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بەشداری چالاكییەكی كردبوو، گوتیشی بێسەروشوێنكردنی هەر مرۆڤێك بە تاوانێكی گەورە دادەندرێ، بۆیە هەر هەوڵێك درابێت بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی هەزاران بێسەروشوێنبوو لە عێراق، جێی پێزانین و ڕێزە، جا لە هەر لایەنێكەوە بووبێت.
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە كۆژانی كەسوكاری بێسەروشوێنبووانی عێراق، ئازارەكانی كەسوكاری قوربانیانی كارەساتی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە، گۆڕە بەكۆمەڵەكان و قوربانییەكانی تری گەلانی عێراق كرد.
دووپاتیشی كردەوە كە حكوومەتی عێراق بە شێوەیەكی بەردەوام بە دوای چارەنووسی بێسەروشوێنبوواندا دەگەڕێت و كار بۆ یەكلاكردنەوەی كەیسەكانیان دەكات، هەروەها سوورە لەسەر قەرەبووكردنەوەیان و هاوكاریكردنی كەسوكارەكانی قوربانیان.