نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا بۆچوونی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی گۆڕیوه‌

نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا بۆچوونی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی گۆڕیوه‌
نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا تەنها لە ئاستی سیاسیدا نییە، بەڵکو ئێستا ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووریشی گرتووەتەوە، لەم بارەیەوە سەرۆك هۆزی بەنی عیباد کە هۆزی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، حەیدەر عەبادیە گوتی: "سەردەمی حەیدەر عەبادی سەردەمێکی تاریك بوو".

هاوکات ساڵح موتڵەگ کە سەرکردەیەکی دیاری سوننەکانە، دەڵێت: "بۆ ئەوەی عێراق نەکەوێتە نێو گێژاوی ململانێ ناوچەییەکانەوە، پێویستە کێشەکانی لەگەڵ کورد چارەسەر بکات، لە نێویشیاندا کێشەی کەرکووك".

لە سەردەمی سەرۆك وەزیرانی عەبادیدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاستێك دابەزی کە نزیك بوو لە سفر، کەرکووك کەوتە ژێر زەبروزەنگ و بە ئاگر و ئاسن هەوڵی سڕینەوەی سیاسیی هەرێمی کوردستان درا.

ئەو گرژییە سیاسییە کە لە سەردەمیدا عەبادیدا هاتە ئاراوە کاریگەريی فرەچەشنی هەبوو، تەنانەت کاریگەريی کردە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق.

ئێستا سەرۆك وەزیرانی پێشوو لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەو ژمارەیە نییە، تەنانەت سەرۆك هۆزەکەی خۆیشی سەردەمی حوکمڕانییەکەی بە سەردەمێکی تاریک ناودەبات.

شێخ عوده‌ی عه‌بادی، سه‌رۆك هۆزی عه‌باد له‌ باشووری عێراق، ده‌ڵێت: "سەردەمێکی تاریك هەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان گەلی عەرەبی باشووری عێراق و گەلی کورد، لەگەڵ سەرۆك بارزانی کۆبووینەوە و کۆمەڵێک پرسمان تاووتوێکرد کە دەبوایە لەمێژبووایە تاوتوێمان بکردایە، ئێمە داوامان لە سەرۆك بارزانی کرد کە سەردانی بەسرە بکات و ئەویش رەزامەندی دەربڕی".

ئێستا بەشێکی زۆر لە سیاسەتڤان و کەسایەتییە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی؛ کاتێک بەغدا دەتوانێت پێبکەنێ کە هەولێریش دڵخۆش بێت، بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە ناوچەکە لە بەردەم چەندین دووڕیانی مەترسیداردایە.

ساڵح موتڵه‌گ، سیاسه‌تڤانی سووننه‌مه‌زهه‌بيش ده‌ڵێت: "من لەگەڵ سەرۆک بارزانی باسی کۆمەڵێك پرسمان کرد، گرینگترینیان ئەو قەیرانەیە کە لە ناوچەکە هەیە و خەریکە وەك دەردێك عێراقیش دەگرێتەوە، پێویستمان بە کوردە بۆ ئەوەی عێراق دووربخەینەوە لەوەی نەبێتە گۆڕەپانێك بۆ شەڕ لە نێوان ئەمریکا و هەر وڵاتێکی دیکەدا، دەبێت بگەینە ئەو بڕوایەی کەرکووك دەبێ بۆ کەرکوکییەکان بێت، دەبێت خەڵکی کەرکووك بڕیار لە چارەنووسی شارەکەیان بدەن، بێ ئەوەی هیچ پێکهاتەیەك هەست بە پەراوێزخستن بکات".

نزیکەی سەد ساڵە پەیوەندی نێوان کورد و بەغدا لە دووڕیانی پەراوێز و شەراکەتدا هەمیشە بەلای پەراوێزخستندا کەوتووە، پرسێك کە بووەتە ئاسته‌نگی بەردەم عادل عەبدول مە‌هدی ئەوەیە؛ ئایا دەتوانێ بۆ لەمەودوا ئەو پەیوەندییە بخاتە سەر ڕێڕەوی شەراکەت یاخود نا؟
Top