دەزگایەكی لێتوێژینەوەی ئیسرائیلی هۆكاری هێرشەكانی سەر حەشدی شەعبی ئاشكرا دەكات

دەزگایەكی لێتوێژینەوەی ئیسرائیلی هۆكاری هێرشەكانی سەر حەشدی شەعبی ئاشكرا دەكات
دەزگایەكی لێتوێژینەوەی ئیسرائیلی لە سەرەتای ئەمساڵەوە حكوومەتی عێراقی ئاگەدار كردبووەوە لەوەی هێرشی ئاسمانی نەناسراو دەكرێتە سەر چەند ئامانجێك لەسەر خاكی عێراق، هۆكارەكەشی نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییە لە عێراقدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕۆژنامەی "جۆرسەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە كە دەزگای لێتوێژینەوەی موشی دایانی ئیسرائیلی هۆشداری دابووە عێراق لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئاسمانی نەناسراو و دوژمنكارانە.

دەزگایەكە ئەم دەرەنجامەی لە میانی لێتوێژینەوەیەكدا بۆ دەركەوتبوو كە لەبارەی سیستەمی دژە مووشەكی S300ی رووسی لەسەر خاكی سووریادا ئەنجام دابوو، كە سیستەمە دژە مووشەكیەكە بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی فڕۆكەی ئیسرائیلی بەسەر ئاسمانی سووریادا دامەزراوە.

لێتوێژینەوەكە هەروەها دەریخستووە كە لە كاتێكدا سووریا لە ڕێگەی سیستەمی دژە مووشەكیی رووسیاییەوە ئاسمانی وڵاتەكەی پاراستووە، كەچی عێراق ئاسمانی وڵاتەكەی بە چۆڵی و بێ بەرگری و پاراستن بەجێ هێشتووە.

بە پێی لێتوێژینەوە ئیسرائیلیەكە، ئەو لایەنەی هێرش دەكاتە سەر سووریا و ئێران، لەبەرئەوەی ناتوانێ راستەوخۆ هێرشەكەی ئەنجام بدات، پەنا دەباتە بەر هێرشكردنە سەر ئەو هێڵانەی یارمەتییەكانی ئێران بۆ سووریای پێدا تێپەڕ دەبێت، كە خاكی عێراقە و ئاسمانەكەی نەپارێزراوە و چاودێری لەسەر نیە.












باسنيوز
Top