حه‌شدی شه‌عبی چه‌كه‌كانی ده‌شارێته‌وه‌

حه‌شدی شه‌عبی چه‌كه‌كانی ده‌شارێته‌وه‌
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28/8/2019، به‌رپرسێكی حكوومه‌تی عێراق رایگه‌یاند: "حه‌شدی شه‌عبی هاوشانی ئۆپراسیۆنه‌كانی ئێستای سوپا بۆ راوه‌دوونانی پاشماوه‌كانی داعش له‌ رۆژئاوای عێراق، سه‌رقاڵی گواستنه‌وه‌ی چه‌كه‌كانی و گۆڕینی شوێنی جبه‌خانه‌كانێتی".

ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقییه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت ده‌ڵێت: "هاوشانی ئۆپراسیۆنه‌كانی سوپا له‌ بیابانه‌كانی رۆژئاوای وڵات و زنجیره‌ چیای حه‌مرین و ته‌لولباج و به‌عاج و حه‌زه‌ر و ده‌شتی نه‌ینه‌وا، حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستیكردووه‌ به‌ شاردنه‌وه‌ی چه‌كه‌كانی و گۆڕینی شوێنی جبه‌خانه‌كانی، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش زۆر به‌نهێنی به‌ڕێوه‌ده‌بات و به‌ ده‌رفه‌تی زانیووه‌ به‌ناوی ئۆپراسیۆنی راونانی پاشماوه‌كانی داعش به‌ كاروانی جیاجیا چه‌كه‌كانی بگوێزێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "حه‌شدی شه‌عبی پێیوایه‌ سیخوڕ و به‌كرێگیراوی هه‌واڵگریی هه‌یه‌ له‌ناو ریزه‌كانیدا، هه‌ر بۆیه‌ كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی ده‌گوێزێته‌وه‌، ئه‌و كاره‌ش به‌ تاریكی شه‌و و له‌چوارچێوه‌ی بازنه‌ی بچووكی ئه‌ندامه‌كانیدا به‌ڕێوه‌ده‌بات و متمانه‌ی به‌هه‌موویان نییه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ حكوومییه‌ ده‌ڵێت: "تا ئیستا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 10 جبه‌خانه‌ی گواستووه‌ته‌وه‌، زۆربه‌یان له‌ به‌غدا و دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌ددین بوون و گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، له‌و ئه‌ركه‌شدا پشتیان به‌ ئۆتۆمبێله‌كانی سوپای عێراق به‌ستووه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی حه‌شدی شه‌عبی پلانێكی فراوان به‌ڕێوه‌ده‌بات و زۆر به‌نهێنی سه‌رژمێری چه‌كه‌كان و گواستنه‌وه‌یان ده‌كات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پشت به‌ شاردنه‌وه‌ و كۆگاكردنی چه‌كه‌كان له‌ژێر زه‌وی ده‌به‌ستێت".

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی حه‌شد پاش بۆمببارانكردنی چه‌ندین جبه‌خانه‌ و پێگه‌ی چه‌كداره‌كانی بووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ كرانه‌ ئامانج و حه‌شدی شه‌عبی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكای به‌و كاره‌ تۆمه‌تبار كرد.




K24
Top