پەرلەمانتارێکی عێراق هەرەشە دەکات: وەڵامێکی زۆر توندمان بۆ ئیسرائیل دەبێت

پەرلەمانتارێکی عێراق هەرەشە دەکات: وەڵامێکی زۆر توندمان بۆ ئیسرائیل دەبێت
پەرلەمانتارێکی عێراقی هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی ”وەڵامێکی زۆر توند“ی دەبێت.

سەعد حلێفی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لێژنەی ئاسایش و بەرگریی بە هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکان بۆ سەر میلیشیاکانی حەشدی شەحبی، دەکات.

سەعد حلێفی هەڕەشەی کردووە و رایگەیاندووە، ”ئەگەر بۆمان روون بێتەوە، کە ئیسرائیل هێرشەکانی ئەنجام داوە، ئەوا وەڵامێکی زۆر توندمان دەبێت“.

لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.











باسنيوز
Top