ئەمریکا: هەموو تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە بەشداریی ئەمریکا لە بۆردومانکردنی حەشدی شەعبی، دوورن لەراستییەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بەیاننامەیەک لەبارەی بۆردومانکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دەردەکات.
لە بەیاننامەکەیدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 27-8-2019 بڵاوی کردووەتەوە، پنتاگۆن رەتی کردووەتەوە هیچ بارەگا و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی حەشدی شەعبی بۆردومان کردبێت.
پنتاگۆن بە ئاماژەکردن بەوەی ”ئەمریکا پاڵپشتیی سەروەریی عێراق دەکات“، رایگەیاندووە، هەموو تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە بەشداریی ئەمریکا لە بۆردومانکردنی حەشدی شەعبی، دوورن لەراستییەوە.
ئەو بەیاننامەیە لە کاتێکدایە، کە حەشدی شەعبی ئەمریا بە ئاسانکاریکردن بۆ ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی بارەگاکانی ئەو میلیشیایانە، تۆمەتبار دەکات.
لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز