ئەبومەهدی موهەندیس: چیتر بێدەنگ نابین

ئەبومەهدی موهەندیس: چیتر بێدەنگ نابین
ئەمڕۆ دووشەممە ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند چیتر بێدەنگ نابن بەرانبەر بە ئامانجكردنی بارەگاكانیان لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە.

ئەبومەهدی موهەندیس لە دووەم لێدوانیدا لەبارەی بۆردوومانەكانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانە نەناسراوەكان بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، جارێكی تر هەڕەشەی لە ئەمریكا و ئیسرائیل كردەوە و رایگەیاند چیتر بێدەنگ نابن.
ئەبومەهدی موهەندیس لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی "بە ئەمریكییەكان دەڵێین كە حەشدی شەعبی بە هەموو پێكهاتەكانیەوە سەر بە حكوومەتی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، بۆیە بێدەنگ نابین بەرانبەر ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر بارەگاكانمان".

جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هەروەها گوتی كە هێرشەكانی سەر بارەگاكانیان روونە و ئێستە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو مووشەكانە لە كوێوە ئاراستە كراون، پارچەی مووشەكیشیان لە بەردەستدایە و بێدەنگ نابن بەرانبەر ئەو هێرشانە.


ئەبومەهدی موهەندیس داوای لە حكوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییەكانیش كرد كە هەڵوێستی خۆیان پێشان بدەن بەرامبەر بەو كەسانەی لە ئەنجامی هێرشەكانی سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی كوژراون.









باسنيوز
Top