عەممار حەکیم : ناکرێ بەرامبەر دەستبردن بۆ شکۆی دەوڵەت نەرمی بنوێنین

 عەممار حەکیم : ناکرێ بەرامبەر دەستبردن بۆ شکۆی دەوڵەت نەرمی بنوێنین
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە عێراق بەرامبەر "بەئامانجکردنی" حەشدی شەعبی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رایگەیاند، "ناکرێ بەرامبەر دەستبردن بۆ شکۆی دەوڵەت نەرمی بنوێنین".

عەممار حەکیم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "پێمان سەیرە و بە تووندی ئەو نەرمییە روونەی حکومەت بەرامبەر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سەر سەروەریی عێراق رەتیدەکەینەوە".

عەممار حەکیم گوتیشی، "دوای زنجیرەیەک پێشێلکاری و دەستدرێژی، هەواڵی شەهیدبوونی دوو چەکداری حەشدی شەعبی لە لیوای 45 و برینداربوونی یەکێکی دیکەمان پێگەیشت کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە رۆژئاوای ئەنبار کرانە ئامانج".

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئاماژەشیکرد، "لەوکاتەی بەهیچ شێوەیەک بیانووەکانی حکومەت بەرامبەر ئەم جۆرە رووداوانە قبووڵ ناکەین، لە هەمانکاتدا ناتوانین نەرمی بەرامبەر دەستبردن بۆ شکۆی دەوڵەت و سەروەریی و رووحی هاووڵاتیان بنوێنین".

حەشدی شەعبی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 25-8-2019 رایگەیاند، هێزەکانی لە ناوچەی عەکاشات لە لایەن دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرانە ئامانج و ئەوەش بووەهۆی کوژرانی دوو چەکداری حەشد و برینداربوونی یەکێکی دیکە.





رووداو
Top