پسپۆرێكی ئەمنی: ئیسرائیل كۆتایی بە حەفت جۆر مووشەكی حەشدی شەعبی دێنێت
هیشام هاشمی پسپۆری ئەمنیی عێراقی لە لێدوانێكیدا بۆ (ساسەپۆست)ی عێراقی رایگەیاندووە كە ئیسرائیل بە نیازە كۆتایی بە حەفت جۆرە مووشەك بێنێت كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كۆگاكانی خۆیان هەڵیانگرتووە، بەم هۆیەشەوە حكوومەتی عێراق تووشی شەرمەزارییەكی گەورە بووە.
هاشمی دەڵێ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق تووشی شەرمەزاری بووە بە هۆی گوشارەكانی ئەمریكا، كە داوای لێ كراوە لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبیدا دوور نەڕوات و لەسەر تێكشكاندنی بارەگا و كۆگاكانی چەكی میلیشیاكەش نەیەتە وەڵام.
بە بڕوای پسپۆرە ئەمنیەكە، ئیسرائیل ترسی لە حەفت جۆر مووشەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەیە و واز لە بۆردوومانەكانیش ناهێنێ، تا كۆتایی بەم مووشەكانە حەشد نەهێنێت.
لەبارەی جۆری مووشەكەكانیشەوە ئاماژەی بە سێ جۆر داوە كە بریتیین لە مووشەكی زلزال دوو، زلزال سێ و فاتح 110، كە ئەگەر ئەم مووشەكانە پەرەیان پێبدرێت، هەمان توانای مووشەكی زولفەقاری ستراتیژی ئێرانیان دەبێت. بۆیە ئیسرائیل تەنها ئەو كۆگا و سەربازگانەی حەشد دەكاتە ئامانج كە تیایاندا پەرە بەو مووشەكانە دەدرێ.
باسنيوز