میسال ئالووسی: عێراق و ئیسرائیل لە حاڵەتی شەڕ دان

میسال ئالووسی: عێراق و ئیسرائیل لە حاڵەتی شەڕ دان
سەرکردەیەکی عێراقی داوا دەکات، ڕێککەوتننامەی راگرتنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ببەستێت، هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئەوە ئاشکرا دەکات کە هێشتا عێراق لەگەڵ ئیسرائیل لە حاڵەتی شەڕ دایە.



ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ٨ی ٢٠١٩، میسال ئالووسی، سەرۆکی حزبی ئوممەی عێراقی راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا گازاندە لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق دەکات کە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە وەڵامی نامەیەکی ئەو ناداتەوە.



ئالووسی هاوپێچ لەگەڵ راگەیاندراوەکە، دەقی ئەو نامەیەی بڵاو کردووەتەوە کە بۆ سەرۆک کۆماری عێراقی ناردووە و تێیدا داوای لێ کردووە، هەوڵی دەرکردنی عێراق لە حاڵەتی شەڕێکی بەردەوام لەگەڵ ئیسرائیل بدرێت و ڕێککەوتننامەیەکی ئاگربەست هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی لەگەڵیاندا ببەسترێت.



جەختیشی کردووەتەوە کە ئەگەر عێراق ئێستا لەم دۆخی شەڕە دەرنەچێت، ئەوا داهاتوو نادیار دەبێت و دەرئەنجامی خراپیشی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتیش کە ناوچەکە بە گرژییەکی بەردەوامدا تێدەپەڕێت.



ئالووسی ئەوەی وەبیر هێناوەتەوە کە کاتێک عێراق لە سەدەی رابردوو داوای گەڕاندنەوەی ئەو فڕۆکە جەنگییەی جۆری (مێگ ٢١)ی کردووە کە فڕۆکەوان منیر روفا لە ١٩٦٦ ڕفاندی و گەیاندییە ئیسرائیل، سکرتێری ئەوکاتەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە عێراق بەهۆی ئەوەی ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی ساڵی ١٩٤٨ی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ نەکردووە، ناتوانێت ئەو داوایە بکات.



باسیشی لەوە کردووە کە وڵاتانی عەرەبیی وەک ئوردن، میسڕ، لوبنان، سووریا و چەندان وڵاتی دیکە ڕێککەوتننامەی ئاگربەستیان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردووە، کەچی ”هێشتا عێراق لە حاڵەتی شەڕدایە لەگەڵ ئەو وڵاتە“.



لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: ”دەبووایە عێراق وانەیەک لە ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتننامەی راگرتنی شەڕ لە ساڵی ١٩٧٣ لەگەڵ ئیسرائیل فێر ببێت، چونکە کەس نازانێت داهاتوو چیمان بۆ دەهێنێت!“.




باسنیوز
Top