ئێران به‌ په‌له‌ فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی بانگهێشتی تاران كردووه‌

ئێران به‌ په‌له‌ فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی  بانگهێشتی تاران كردووه‌
بۆ رێگه‌گرتن له‌ گه‌وره‌بوونی كه‌لێن و ناكۆكی نێوان سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، ئێران به‌ په‌له‌ فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌بو موجاهید هاشمی، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی بانگهێشتی تاران كردووه‌، تا كێشه‌كانی نێوان سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، كه‌ به‌كه‌سێكی به‌هێز و نزیك له‌ ئێران ناوده‌برێت دابمركێنێته‌وه.

سه‌رچاوه‌ی ئه‌منی و سیاسی تایبه‌ت له‌ به‌غداوه‌ به‌ چه‌ند میدیایه‌كی عه‌ره‌بیان گوتووه‌: "فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت پاش ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ فالح فه‌یاز و هاشمی بردووه‌ته‌ تاران، عادل عه‌بدولمه‌هدی زیاتر به‌هۆی په‌یوه‌ندی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌وڵیداوه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقه‌ و حه‌شد به‌ بڕیاری ئه‌و بجوڵێته‌وه‌".

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ گوتوویانه‌: "فه‌یاز به‌ هه‌ماهه‌نگی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌یاننامه‌ی ده‌ركرد و حه‌شدی شه‌عبی له‌ لێدوانه‌كانی موهه‌ندیس بێبه‌ری كرد كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی كۆگا و جبه‌خانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ خوارووی به‌غدا تۆمه‌تبار كردبوو".

به‌هۆی ئه‌وه‌شی فه‌یاز راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ حكوومه‌تی عێراقدا، هه‌وڵیداوه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی و حكوومه‌ته‌كه‌ی له‌ هه‌ر كاردانه‌وه‌ و ده‌رهاویشته‌یه‌كی لێدوانی سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ دوور بگرێت، هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانیش وه‌ك هاوپه‌یمانی واشنتن ده‌ربخات".

چونكه‌ پاش لێدوانه‌كه‌ی موهه‌ندیس هۆشداریی ئه‌وه‌درا كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ دۆسته‌كانی ئێران و نه‌یارانی واشنتن به‌تایبه‌تی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی حه‌شد كه‌ له‌ تارانه‌وه‌ نزیكن باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا بكه‌نه‌ ئامانج.






K24 -
Top