خاچی سوور كه‌مپینێكی له‌باره‌ی بێسه‌روشوێنبوان لە عێراق راگه‌یاند

خاچی سوور كه‌مپینێكی له‌باره‌ی بێسه‌روشوێنبوان لە عێراق راگه‌یاند
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٢ی ٨ی ٢٠١٩، كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور كه‌مپینێكی له‌باره‌ی بێسه‌روشوێنبوان ڕاگه‌یاند.

له‌میانەی راگه‌یاندنی كه‌مپینه‌كه‌دا به‌رپرسانی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووە‌ كار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و سه‌دان هه‌زار كه‌سه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه‌ تا‌كوو ئێستا له‌ عێراقدا بێسه‌روشوێن بوون.

هه‌ر له‌م بواره‌شدا كۆمیته‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی به‌شی سۆراخكردن، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی بێسه‌روشوێنبوان ده‌دات و بۆ ئه‌مه‌ش كه‌سوكاره‌كانیان ده‌توانن له‌م به‌شه‌دا ناوی بێسه‌روشوێنبوان تۆمار بكه‌ن.

كۆمیته‌كه‌ جگه‌ له‌ بواری گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی بێسه‌روشوێنبوەکان، به‌شی هاوكاریشی هه‌یه‌ كه‌ هاوكاری به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا دابه‌ش ده‌كات كه‌ پێویستییان به‌ هاوكارییه‌.

هه‌روه‌ها به‌شی په‌لی ده‌ستكردنیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ١٩٩٦ه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر سه‌نته‌رێكیان هه‌یه‌ و بۆ ساڵی داهاتووش سه‌نته‌رێكی گه‌وره‌ له‌ ئاستی جیهانی داده‌مه‌زرێنن له‌باره‌ی په‌لی ده‌ستكرده‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی هاوكاریی پرۆسه‌ی خوێندن له‌م بواره‌دا ده‌كه‌ن.

كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور یه‌كێكی دیكه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی، تایبه‌ته‌ به‌ رێگه‌گرتن له‌ ململانێی چه‌كداری له‌ڕێگه‌ی هاندانی ﻻیه‌نه‌كان بۆ رێزگرتن له‌ یاساكانی تایبه‌ت به‌ ململانێی چه‌كداری.

به‌شی پاراستنیش له‌ كۆمیته‌كه‌دا هه‌یه‌ كه‌ كار له‌سه‌ر پاراستنی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ پێویستییان پێیه‌تی و بۆ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام هاتوچۆی گرتووخانه‌كان ده‌كه‌ن.

كه‌مپینه‌كه‌ ماوه‌ی١٠ رۆژ ده‌خایه‌نێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ یه‌كێك، یان زیاتر له‌ كه‌سوكاره‌كانیان بێسه‌روشوێنه‌، ده‌توانن ناوی ڕۆڵه‌كه‌یان له‌ كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور تۆمار بكه‌ن، تا‌كوو به‌دواداچوون بۆ ئاشكراكردنی چاره‌نووسیان بكه‌ن.

بڕیاریشه‌ رۆژی ٢٩ی ٨ی ٢٠١٩، بە بەشداریی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق، سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌غدای لە رێوڕەسمێکدا چالاکیی ئەم کەمپینە ڕابگەیەندرێت.











باسنيوز
Top