لە هێرشەکەی قەرەتەپەدا چوار چەكداری داعش كوژران

 لە هێرشەکەی قەرەتەپەدا چوار چەكداری داعش كوژران


ئەندامێكی ئەنجومەنی شارەدێی قەرەتەپە كوژرانی چوار چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشی لە هێرشێكی ڕێكخراوەكەدا بۆ سەر خاڵێكی سەربازیی سوپای عێراق لە سنووری شارەدێی قەرەتەپە ڕاگەیاند.



سەڵاحەدین بابان، ئەندامی ئەنجومەنی شارەدێی قەرەتەپەی سەر بە خانەقین ڕاگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی٨ی٢٠١٩ ژمارەیەك چەكداری ڕێكخراوی داعش، لە نزیك گوندی (كەشكەوڵ)ی سەر بە شارەدێی قەرەتەپە، هێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی سەربازیی سوپای عێراق و لە ئەنجامی هێرشەكەدا 2 سەربازی عێراقی كوژران و 2 سەربازی دیكەش بریندار بوون".



گوتیشی "لە ئاكامی وەڵامدانەوەی هێزەكەی سوپای عێراق, 3 چەكداری تیرۆریستی داعش كوژران و چەكدارێكی دیكەش خۆی تەقاندووەتەوە و ئێستا تەرمەكانیان لە شارەدێی قەرەتەپەیە".



قەرەتەپە یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە پاش ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كەوتە ژێردەستی چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و ئێستا ناوچەکە لەڕووی ئەمنییەوە ناسەقامگیرە و حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان توانایی دابینکردنی ئەمنیەتی ناوچەکەیان نییە و چەکداران داعش جموجۆڵ و هێرشەکانیان لەو ناوچانە چڕتر کردووەتەوە.





باسنیوز
Top