فالح فەیاز: بەیاننامەکەی ئەبو مەهدی موهەندیس گوزارشت لە رای ئێمە ناکات
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی راگەیاندراوێکی جێگرەکەی لەبارەی بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی حەشد لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ڕەت دەکاتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ٨ی ٢٠١٩، ئهبو مههدی موههندیس، جێگری سهرۆكی دهستهی حهشدی شهعبی، راگەیاندراوێكی توندی لە دژی ئەمریكا بڵاو كردەوە و هەڕەشەی توندیشی کرد.
ئهبو مههدی موههندیس لە راگەیاندراوەكەیدا، بۆردوومانەكانی ڕۆژانی رابردووی بۆ سەر سەربازگە و عەمبارەكانی چەك و تەقەمەنیی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق، خستە ئەستۆی سوپای ئەمریكا.
هاوکات ئاشکرای کرد کە ئهمهریكا چوار فڕۆكهی بێفڕۆكهوانی ئیسرائیلی له ئازهربایجانهوه هێناوهته سەر عێراق، بۆ ئهوهی له چوارچێوهی كهشتیگهلهكهی ئۆپهراسیۆنی هاوبهش ئهنجام بدهن و ئاسمانی عێراق كۆنتڕۆڵ بكەن.
ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەمریكا بە نیازە سەركردەكانی حەشدی شەعبی تیرۆر بكات، بۆیە ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەكەن و ڕێگەی تریان لە پێش نیە.
لە بەرامبەردا بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی ٨ی ٢٠١٩، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد: “ئەو راگەیاندراوەی کە واژۆی ئەبو مەهدی موهەندیسی بەسەرەوەیە، گوزارشت لە ڕای ئێمە و تێڕوانینی حکوومەت و حەشدی شەعبی ناکات”.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە تێڕوانینی فەرمیی حەشدی شەعبی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و هەر کەسێک کە بۆ دەربڕینی بۆچوونی فەرمیی حکوومەتی عێراق و هێزە چەکدارەکان ڕاسپێردراوە، لەم بەیاننامەیەی موهەندیس جیاوازە.
جەختیشی کردووەتەوە کە حکوومەتی عێراق و دامەزراوە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی چاودێریی پێشکەوتنەکان دەکەن و ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و گەلەکەی دەگرنە بەر، خۆشیان لەو هەوڵانە بەدوور دەگرن کە دەیەوێت سەقامگیری تێک بکات و کارتەکان تێکەڵ بە یەکتر بکات و شەڕێک بنێتەوە “کە دەمانەوێ عێراق و ناوچەکە لە مەترسییەکانی لابدەین”.
ڕۆژی سێشهممه بۆ جاری سێیەم، بنكهیهكی سهربازیی حەشدی شەعبی لە ناوچەی بهلهدی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە كرایە ئامانج و بەهۆیەوە عەمبارێكی گەورەی چەك و تەقەمەنی سووتا.
بەر لە چەند رۆژێكیش، بنیامین نهتهنیاهو، سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل بە ناڕاستەوخۆ رایگەیاندبوو كە حەشدی شەعبی لە عێراق دەكەنە ئامانج، جگە لەوەی زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە هێرشەكانی سەر بارەگا و عەمبارەكانی حەشد، لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئیسرائیلیەوە ئەنجام دراون.
باسنيوز