دیالە.. بەهۆی تەقینەوەیەک پێنج سەربازی عێراقی بریندار بوون
غالب عەتیە، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، لەمبارەوە رايگەیاند: كاتژمێر نزیكەی 10 ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە٢٠ی٨ی٢٠١٩ بۆمبێكی چێندراو لەسەر ڕێگەیەكی خاكیی سنووری شاری "باقووبە"ی ناوەندی پارێزگای دیالە بە هەمەرێكی سوپای عێراقیدا تەقیوەتەوە و بەهۆی ئەو تەقینەوەوە پێنج سەربازی عێراقی بریندار بوون كە یەكێكیان ئەفسەرە".
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، راشی گەیاند: "هەر ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەكی جیاجیای دیالە حەوت داواكراو دەستگیر كران كە بەپێی مادەی 4 ی تیرۆر داوا كرابوون".
پارێزگای دیالە هاوسنووری پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەغدایە و بەشێکی زۆری قەزا و ناحیەکانی سەر بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە داگیر کراون و ڕەوشی ئەمنیی ئەو ناوچانە ناسەقامگیر بووە.
باسنيوز