كۆمیسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دارایی حیزبەكان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە
جەمال شوكر، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق داوای لە یەكێتی و پارتی و ژمارەیەك حیزبی دیكەی هەرێمی كوردستان كردووە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆنگرە ببەستن: "ئەگەرنا رێگایان پێنادرێ بەشداریی هەڵبژاردن بكەن".
جەمال شوكر پێیوایە، مادام پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پەسەند كردووە، كۆمسیۆنەكە پێداگری دەكات لە جێبەجێكردنی و دەبێت حیزبەكان پێیەوە پابەند بن.
38 حیزب لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە بۆ كاركردن و نزیكەی نیوەی ئەو حیزبانە دەچنە نێو كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە، بەڵام چەند حزبێك لەوانە بەو بڕیارەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان نیگەرانن. چونكە هەڵبژاردنەكە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و لە كەركووك و نەینەواش، پێگەی جەماوەرییان نزیكە لاوازە.
بزووتنەوەی گۆڕان، ساڵێك بەسەر وادەی بەستنی كۆنگرەیدا تێپەڕیوە، بەڵام وەك مەجید ساڵح، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەكە دەڵێ: "ئامادەكاری هەیە بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە نێوخۆییەكان و ئەوە كارێكی قورس نییە بۆ گۆڕان"، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشوو لە كەركووك و نەینەوا، هێندە تەماعی سیاسی نەداوە بە گۆڕان لەبەر خاتری داواكارییەكەی كۆمسیۆن كۆنگرە ببەستێ و تەنیا گلەیی و رەخنەی نێوخۆیی لە خۆی دووردەخاتەوە.
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارەی كۆمسیۆن بە گرفت دەزانێ پارتی و یەكێتین. چونكە پێگەی جەماوەرییان لە كەركووك و نەینەوا بەهێزە.
جەمال شكور، نەیشاردەوە حیزبە كوردستانییەكان لە هەماهەنگیدان بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی رووبەڕووی هەندێك لەو بڕگە و خاڵانەی نێو یاسای هەڵبژاردن ببنەوە كە بەگوتەی ئەو نەك تەنیا كۆسپ "دژایەتی خاڵ و بڕگەكانی ماددەی 140 دەكات و بە زیانی كەركووك شكاوەتەوە".
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (رووداو)ی راگەیاند، هەوڵی حزبە كوردستانییەكان و بەتایبەتی پارتی و یەكێتی "تانەدانە لەو یاسایە و هەوڵێكی چڕوپڕی یاسایی و سیاسییە بۆ ئەوەی یاساكە هەموار بكرێتەوە".
یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان ساڵی 1975 دامەزراوە، تاوەكو ئێستا تەنیا سێ كۆنگرەی بەستووە، دوا كۆنگرەی لە ساڵی 2010 بووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، پێویستە سێ ساڵ جارێك كۆنگرە ببەسترێ، بەڵام پێنج ساڵ بەسەر وادەی بەستنیدا تێپەڕیوە. یەكێتی لەكاتێكدا رووبەڕووی ئەو مەرجە قورسەی كۆمسیۆن دەبێتەوە كە زیاتر لە چوار ساڵە سەركردەكانی لە ململانێیەكی سەختدان بەهۆی ئەوەی لەسەر شێواز و وادەی كۆنگرەكە ناسازێن.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، سەرسوڕمانی خۆی لە مەرجەكەی كۆمسیۆن دەربڕی كە ئەوە یەكەمینجارە كۆمسیۆن داوای لەو جۆرەی لە حیزبەكان هەبێت، ئەوەش بە كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان نازانێ: "ئەوە كاری وەزارەتی ناوخۆیە، لەوانەیە بەو هۆیەوە زۆر حیزب بەشداریی هەڵبژاردن نەكەن، چونكە ئاسان نییە تۆ لەو ماوە كەمەدا بتوانی كۆنگرە ببەستی".
نووسراوەكەی كۆمسیۆن بە فەرمی ئاراستەی 20 حیزبی عێراقی كراوە كە بەشێكیان لە هەرێمی كوردستانن. ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ: "زۆربەی ئەو حیزبانەی كێشەی دواكەوتنی كۆنگرەیان هەیە لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، هەرچەندە خواستێك لەناو ئێمە هەیە بۆ ئەوەی بۆ مانگی 11ی ئەمساڵ كۆنگرە ببەستین، بەڵام ئایا كە هێشتا ئەندامانی كۆنگرە دیاری نەكراوە، بەوە رادەگەین؟ لەو بڕوایەدام دواجار كۆمسیۆن دەستبەرداری ئەو مەرجە دەبێت".
شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و كێشەكان لەگەڵ بەغدا، پاساوی زۆری دایە حیزبەكان بۆ ئەوەی چاوی خەڵك لەسەر ململانێ نێوخۆییەكانیان لاببەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ماوەی چەند مانگێكە وەك نوێنەری پارتی لەو لیژنەیەدایە كە بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك لە بەغدا كار دەكات. ئەو دەڵێ بابەتی كۆنگرەی حیزب، پەیوەندی بە سەركردایەتییەوە هەیە "داوامان كردووە یاساكە هەموار بكرێتەوە، نەك لەبەر ئەوەی داوای كۆنگرە دەكات لە حیزبەكان، بەڵكو لەبەر ئەوەی لە دژی كوردە و ژمارەیەكی زۆر لە دەنگدەرانی كورد لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك بێبەش دەكات لە دەنگدان".
گوتیشی: "گفتوگۆ هەیە لە نێوان حیزبە كوردستانییەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو یاسایەی هەڵبژاردن و پرسی كەركووك".
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946 دامەزراوە، تاوەكو ئێستا 13 كۆنگرەی بەستووە. دوایین كۆنگرەی پارتی لە ساڵی 2010 بووە. پەیڕەوی ناوخۆی پارتی پێویستی كردووە لەسەر ئەو حیزبە چوار ساڵ جارێك كۆنگرە ببەسترێ، بەڵام زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر وادەی كۆنگرەی پارتیدا تێپەڕیوە و هیچ وادەیەكیش دیارینەكراوە بۆ بەستنی كۆنگرە.
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێ بیرۆكەیەك هەبوو، پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی 14ی پارتی ببەسترێ "بەڵام هێشتا نەبووەتە بڕیار و بەستن و نەبەستنی دوور و نزیك پەیوەندی بە كێشەی نێوخۆییەوە نییە".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی كە داوای كرد ناوی بڵاو نەكرێتەوە، دەڵێ: "ماوەیەكە قسە لەسەر ناكۆكی نێوخۆیی پارتی دەكرێت، بەڵام ئەوە نەك راست نییە، بگرە ناشبێتە راستی. پارتی كە بڕیاری دا كۆنگرە ببەستێ، تەنیا 5 بۆ 6 مانگی پێویست دەبێ، بەڵام ئێمە تێبینیمان لەسەر یاساكە و رەوشی ئێستای كەركووك هەیە و هەر بەهۆی ئەوەش زەحمەتە بچینە نێو هەڵبژاردنی لەو جۆرە".
رزگار حەمە محێدین، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێ ئەو یاسایەی پەرلەمان پەسەندی كردووە و ئێستا كۆمیسیۆن كاری پێدەكات، پشتی بە یاسای حیزبەكان بەستووە و حیزبەكانیش مۆڵەتی یاساییان وەرگرتووە و دەبێ پێیەوە پابەند بن "بابەتەكە بۆ حیزبەكان تەنیا بریتی نییە لەوەی كە دەبێت كۆنگرە لەكاتی خۆیدا ببەستن، بەڵكو لەمەودوا كۆمسیۆن چاودێریی دارایی حیزبەكان و بارەگاكانیشیان دەكات و ئەوەش دەبێتە مەرجی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن".
رووداو