فڕینی فڕۆکەکان بە ئاسمانی عێراق مەرجدار دەکرێت

فڕینی فڕۆکەکان بە ئاسمانی عێراق مەرجدار دەکرێت
هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە، بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە، رێگە بە فڕینی هیچ فڕۆکەیەکی بیانی لە ئاسمانی وڵاتەکەی نەدرێت، هاوپەیمانانیش پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکە دووپات کردووەتەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسیی و سەربازی عێراقی پێیانوایە، بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدی لە نووسینگەکەی خۆی زیاتر بڕ ناکات، بەهۆی ئەوەی ئاسمانی عێراق، لەلایەن ئەمەریکاوە چاودێری و سەرپەرشتی دەکرێت.

بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی رێگە نەدان بە بەکارنەهێنانی ئاسمانی عێراق، لەلایەن فڕۆکە بیانییەکان، لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بەشێک پێیانوایە لەژێر گوشاری لایەن و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بووە، بە تایبەت دوای بۆردوومانکردنی چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی. بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک وەزیران ئاشکرایکردووە، عادل عەبدولمەهدی دوای راوێژکردن بە ئەمەریکاییەکان، ئەو بڕیارەی دەرکردووە.

لە بەرامبەردا بەشێک لە چاودێرانی عێراقی پێیانوایە، بڕیارەکەی عەبدولمەهدی، لە نووسینگەکەی خۆی زیاتر بڕ ناکات، بەهۆی ئەوەی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە سەرپەرشتی و چاودێری دەکرێت.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی مۆڵەتی فڕینی ئاسمانی دووپات کردەوە و رایگەیاندووە، بە سەرجەم یاساکانی عێراق و رێنماییەکانی حکوومەتی ئەو وڵاتە، بە تایبەت لەبارەی مۆڵەتی فڕینی ئاسمانی پابەند دەبن.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، بەشێک لە سەرکردەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی، گوشار دەخەنە سەر فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بۆ کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس400ی رووسی، بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی، بە تایبەت دوای بۆردوومانی کۆگاکانی چەک، ئەمەش بە واتای کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانی عێراق، لەلایەن ئێرانەوە دێت، کە هەرگیز ئەمەریکا رێگە بەمە نادات.

ھەر پەیوەست بەو بابەتەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، جەخت لەسەر پێویستی وڵاتەکەی، بە سیستمی مووشەکی ئێس400ی رووسی دەکاتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، جەختی لەسەر پێویستی وڵاتەکەی بە سیستمی مووشەکی ئێس400 لە پێناو بەهێزکردنی سیستمی بەرگری وڵات کردەوە.

یەحیا رەسوڵ راشیگەیاند، بە بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، هەر فڕۆکەیەک بەبێ مۆڵەت بە ئاسمانی عێراقدا بفڕێت، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکرێتە ئامانج.








K24
Top