وەزارەتی بەرگریی عێراق هەڕەشەیەکی توند دەکات
لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندووە، هەرکەسێک سووکایەتی بە سوپای عێراق بکات یان ناوبانگی لەکەدار بکات، وەزارەت رووبەڕووی یاسای دەکاتەوە.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وەزارەتی بەرگری دەست بە رێکارە یاساییەکان لە دژی یوسف ناسری، سەرکردە لە میلیشیای نوجەبا دەکات، بەهۆی ئەوەی ”بەشێوەیەکی نالەبار“ ناوی سوپای عێراقی هێناوە.
پێشتر یوسف ناسری، پیاوی ئایینی شیعە و سەرکردەیەکی نوجەبا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقی کردبوو.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز