وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق :هه‌ر كه‌سێك ده‌ست بۆ ناوبانگی سوپای عێراق ببات به‌ یاسا ده‌یوه‌ستێنێ.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق :هه‌ر كه‌سێك ده‌ست بۆ ناوبانگی سوپای عێراق ببات به‌ یاسا ده‌یوه‌ستێنێ.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌ڵێن ده‌دات، هه‌ر كه‌سێك ده‌ست بۆ ناوبانگی سوپای عێراق ببات به‌ یاسا ده‌یوه‌ستێنێ.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ "هه‌ر كه‌سێك ده‌ست بۆ ناوبانگی سوپای عێراق ببات كه‌ گه‌وره‌ترین داستانی قاره‌مانێتیان دژی چه‌كدارانی داعش تۆمار كردووه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌وكاته‌ ده‌ستی گه‌ل به‌ یاسا هه‌ر هه‌وڵێكی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و داستان و قاره‌مانێتیانه‌ ده‌وه‌ستێنێ".

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق رایگه‌یاندووه‌: "ده‌ست به‌ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ كراوه‌ كه‌ ناوی سوپای عێراقیان له‌ شوێنی ناشیاو و دوور له‌ ئازایه‌تی و مافه‌ماكانی هێناوه‌".

لێدوانی سه‌ركرده‌یه‌كی نزیك له‌ بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌بای سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی كه‌ داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوپای عێراقی كردبوو، نیگه‌رانی لێكه‌وته‌وه‌ و له‌ چه‌ندین پارێزگای عێراق خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی به‌ڕێوه‌چوو‌.

یوسف ناسری پیاوی ئایینی شیعە و یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا داوای هەڵوەشانەوەی سوپای عێراقی کردبوو، ئه‌و قسانه‌ش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

لەمبارەیەوە دەستەی حەشدی شەعبی لێدوانی ناسری رەتکردەوە و لە راگەیەنراوێکدا، ئەو لێدوانەی بە رای تایبەتی کەسی زانیووە.

عەلا روبەیعی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی سائیرونیش، داوای لە وەزارەتی بەرگری کرد، داوای یاسایی لەسەر ئەو پیاوە ئایینیە تۆمار بکات.

حاکم زاملی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگریش، داوای سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کرد، کە "زمان درێژی دەکەنە سەر سوپا".

لە بەرامبەردا یوسف ناسری گوتی "لێدوانەکەم بە هەڵە لێکدراوەتەوە، من داوای دوورخستنەوەی کەسانی وەک مەحموود فەلاحی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبارم کردووە، کە سیخوڕی بۆ ئەمەریکا کردووە و زانیاری لەسەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە ئەمەریکا داوە".












K24
Top