هاوپه‌یمانان ملكه‌چی بڕیارێكی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌بن

هاوپه‌یمانان ملكه‌چی بڕیارێكی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌بن

هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە، بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە، رێگە بە فڕینی هیچ فڕۆکەیەکی بیانی لە ئاسمانی وڵاتەکەی نەدرێت، هاوپەیمانانیش پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکە دووپات کردووەتەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی و سەربازی عێراقی پێیانوایە، بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدی لە نوسینگەکەی خۆی زیاتر بڕ ناکات، بەهۆی ئەوەی ئاسمانی عێراق، لەلایەن ئەمریکاوە چاودێری و سەرپەرشتی دەکرێت.

بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی رێگەنەدان بە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، لەلایەن فڕۆکە بیانییەکان، لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بەشێک پێیانوایە لەژێر گوشاری لایەن و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بووە، بە تایبەت دوای بۆردوومانکردنی چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی.

بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک وەزیران ئاشکرایکردووە، عادل عەبدولمەهدی دوای راوێژکردن بە ئەمریکاییەکان، ئەو بڕیارەی دەرکردووە.

لە بەرامبەردا بەشێک لە چاودێرانی عێراقی پێیانوایە، بڕیارەکەی عەبدولمەهدی، لە نوسینگەکەی خۆی زیاتر بڕناکات، بەهۆی ئەوەی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە سەرپەرشتی و چاودێری دەکرێت.

بۆ رووکەشیش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی مۆڵەتی فڕینی ئاسمانی دووپات کردەوە و رایگەیاندووە، بە سەرجەم یاساکانی عێراق و رێنماییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، بە تایبەت لەبارەی مۆڵەتی فڕینی ئاسمانی پابەند دەبن.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی دیکە، بەشێک لە سەرکردەی گروپەکانی حەشدی شەعبی، گوشار دەخەنە سەر فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بۆ کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس چوار سەدی رووسی، بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی، بە تایبەت دوای بۆردوومانی کۆگاکانی چەک، ئەمەش بە واتای کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانی عێراق، لەلایەن ئێرانەوە دێت، کە هەرگیز ئەمریکا رێگە بەمە نادات.








K24 -
Top