كێشه‌یەك بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی دروست دەبێت

كێشه‌یەك بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی دروست دەبێت
به‌هۆی فشار خستنه‌سه‌ر ئوردن له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كوتله‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی نه‌یارانی عێراق له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ره‌غدی كچی سه‌دام حسێن، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیان به‌رامبه‌ر ئوردن دووچاری هه‌ڵوێستێكی ناخۆش كردووه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15/8/2019 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و پشتی به‌ زانیاریی سه‌رچاوه‌ی ئاگادار به‌ستووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌رانی وڵاته‌كه‌ی تووشی قه‌یرانی سیاسی بووه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئوردنیش له‌و نێوه‌نده‌دا كراوه‌ته‌ ئامانج.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری عێراقی به‌ رۆژنامه‌ سعوودییه‌كه‌یان گوتووه‌، چه‌ند كوتله‌یه‌كی سیاسی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستیان به‌ فشار خستنه‌سه‌ر ئوردن كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یارانی حكوومه‌تی عێراق، له‌ سه‌روویانه‌وه‌ ره‌غدی كچی سه‌دام حسێن راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بكه‌نه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی په‌رله‌مانی عێراق گوتوویه‌تی: "كوتله‌ سیاسییه‌كانی په‌رله‌مان دۆسیه‌ی داواكراوانی عێراقییان له‌ ئوردن تێكه‌ڵی دۆسیه‌ی بازرگانی نێوان هه‌ر دوو وڵات كردووه‌، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ دۆسیه‌ی داواكراوه‌كان تێكه‌ڵی بازرگانی و ئابووریی نێوان به‌غدا و عه‌ممان بكرێت".

سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن: "هه‌وڵه‌كانی ئه‌و كوتله‌ سیاسیانه‌ی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌یه‌ رێگه‌ له‌ هه‌ر لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان عێراق و دراوسێ عه‌ره‌به‌كانی بگرن".

هه‌ر چه‌نده‌ حكوومه‌تی عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و دوو دۆسیه‌یه‌ تێكه‌ڵ بكرێت، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئوردن ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ و گوتوویانه‌ رێگه‌ ناده‌ن هیچ لایه‌نێك له‌و رووه‌وه‌ ده‌ست بۆ سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌یان ببات.

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی حكوومه‌تی ئوردنی كه‌ قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی عوكاز كردووه گوتوویه‌تی: "‌ئه‌سته‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ممان له‌ژێر هیچ فشارێكدا ئه‌و نیو ملیۆن هاووڵاتییه‌ عێراقیانه‌ی له‌ سه‌رده‌می جیاجیا به‌تایبه‌تی نه‌یارانی حكوومه‌تی نوێی عێراق له‌ كاتی رزگاركردنی عێراق په‌نایان بۆ ئوردن بردووه‌ راده‌ستی هیچ لایه‌نێك بكرێنه‌وه‌".







K24
Top