له‌ به‌غدا هه‌وڵده‌درێت جووڵه‌ی فڕۆكه‌ی سه‌ربازی به‌ ئاسمانی عێراقدا سنووردار بكرێت

له‌ به‌غدا هه‌وڵده‌درێت جووڵه‌ی فڕۆكه‌ی سه‌ربازی به‌ ئاسمانی عێراقدا سنووردار بكرێت
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، محه‌مه‌د ره‌زا ئالحه‌یده‌ر، رایگه‌یاند، رێككاری نوێ له‌ باره‌ی سه‌روه‌ری ئاسمانی و جووڵه‌ی فڕۆكه‌وانی له‌ ئاسمانی عێراق ده‌گرینه‌ به‌ر.

له‌ لێدوانێكیدا بۆ سایتی سۆمه‌ریه‌ نیوز، ئالحه‌یده‌ر گوتی: ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ربازگه‌ی سه‌قه‌ر، روویداوه‌، له‌ ئاكامی په‌لامارێكی ئاسمانییه‌وه‌ بووه‌.

گوتیشی: پێویسته‌ كۆگاكانی چه‌ك ببرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان، به‌ تایبه‌تی كۆگای چه‌كی قورس.

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كار بۆ ده‌ركردن و په‌سندكردنی رێككاری نوێی یاسایی ده‌كه‌ن، تاوه‌كو له‌ رێگه‌یانه‌وه‌، رێگه‌ له‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ری ئاسمانی عێراق بگیرێت.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق رێگه‌ به‌ هه‌ڵفڕینی هیچ جۆره‌ فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ ئاسمانی وڵات نه‌دات، مه‌گه‌ر پێشتر ره‌زامه‌ندی له‌ به‌غدا بۆ وه‌ربگیرێت.

رۆژی دووشه‌ممه‌، چه‌ند كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ سه‌ربازگه‌ی سه‌قه‌ری سه‌ر به‌ پۆلیسی ئیتیحادی له‌ باشووری به‌غدا ته‌قینه‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستدا و 29 كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون.








K24
Top