ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ نه‌ینه‌وا ده‌ست به‌ تۆپبارانی داعش ده‌كه‌ن

ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ نه‌ینه‌وا ده‌ست به‌ تۆپبارانی داعش ده‌كه‌ن
بۆ له‌ناوبردنی شانه‌ نوستووه‌كانی داعش له‌ عێراق، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چه‌ندین پێگه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ عێراق تۆپباران ده‌كه‌ن.

فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆیه‌وه‌ له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاندووه‌: "یه‌كه‌كانی تۆپخانه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، پێگه‌كانی داعشیان له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی گه‌یاره‌ له‌ باشووری مووسڵ تۆپباران كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ شانه‌ نوستووه‌كانی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ بهێنرێت له‌ ناوچه‌كه‌".

فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌كدا روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌ی له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ڕێوه‌چووه‌، به‌هه‌ماهه‌نگی حكوومه‌تی عێراقی بووه‌. سه‌ربازه‌كانی یه‌كه‌ی مه‌یدانی تۆپهاوێژی دووه‌م و لیوای شه‌ڕكه‌ری یه‌كه‌می سه‌ر به‌ فیرقه‌ی 101 به‌شدارییان تێدا كردووه‌".

به‌شداریكردنی مه‌یدانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ شه‌ڕی داعشدا له‌ كاتێكدایه‌، به‌شێكی زۆری ئه‌و لایه‌نه‌ عێراقییانه‌ی له‌ ئیرانه‌وه‌ نزیكن، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ده‌ركردنی سوپای ئه‌مه‌ریكان له‌ عێراق و پێیانوایه‌ ئه‌ركی ئه‌و هێزانه‌ كۆتاییهاتووه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، به‌ راوێژكاره‌ سه‌ربازییه‌كانیان به‌شدارن له‌ ئه‌نجامدانی مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عیراق و له‌سه‌ر داوای حكوومه‌تی عێراق له‌و وڵاته‌ن. به‌تایبه‌تی له‌م دواییانه‌دا جووڵه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی عێراق زیادیكردووه‌ و له‌ نه‌ینه‌واش به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر خه‌ڵك و ھێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان.















K24
Top