سوننهكان لایهنه شیعییهكان به رێگری بهردهم گهڕانهوهی ئاوارهكان دهزانن
هاوکات ئەمینداری گشتی حزبی بژاردهی عهرهبی ئاماژە بەوەدەكات، بە هەزاران کەس لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان رووبەڕووی رفاندن دەبنەوە و داواش دەکات، حکومەت هۆکاری رێگرییەکان لە گەڕانەوەی ئاوارەکان ئاشکرا بکات.
سەرۆکی حزبی حەل ئاشکرایدەکات، بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە سوننییەکان پلانێک بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێد و ماڵی خۆیان هەیە، هاوکات ئەمینداری گشتی حزبی بژاردەی عەرەبی ئاماژە بەوەدەدات، بە هەزاران کەس لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان رووبەڕووی رفاندن دەبنەوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان چەندە پەیوەندی بە بوونیادنانەوەی ناوچەکانیان هەیە، دوو هێندە پەیوەندی بە دابینکردنی ئەمنییەت و دروستکردنی کەشێکی ئارام هەیە، چونکە بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان بەهۆی باڵادەستی میلیشیاکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ئەوان پێیانوایە، بەهۆی جیاوازی مەزهەبییەوە لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە رووبەڕووی تۆڵە دەبنەو.
عەبدولکەریم عەبتان، ئەمینداری گشتی حزبی بژاردەی عەرەبی لەبارەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان رایگەیاندووە، لە ناوچەکانی پشتێنەی بەغدا و ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان بە هەزاران کەس رووبەڕووی رفاندن دەبنەوە، هەروەها داوای لە حکومەت کردووە، هۆکاری رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان روونبکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە جەمال کەربولی، سەرۆکی حزبی حەل ئاشکرایکردووە، پلانێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە سوننییەکان بە پشتیوانی هەندێک لایەنی دەسەڵات لە ئارادایە، هەر ئەمەش وایکردووە، ئەو لایەنانە رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان بکەن.
سەرۆکی حزبی حەل ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو لایەنانە بێدەسەڵاتی دانیشتوانی ئەو ناوچانەیان بەدەرفەت بینیوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر موڵک و ماڵیان دابگرن.
بەهۆی هاتنی داعش و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق لە ساڵی 2014 زیاتر لە 2 ملیۆن کەس لەو وڵاتە ئاوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە بوون، لە دوای نەمانی داعشیش بەشێک لە ئاوارەکان ئامادەنین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
K24 -