عێراق وه‌رزێكی گه‌رمی یاسادانان به‌ڕێوه‌یه‌

 عێراق وه‌رزێكی گه‌رمی یاسادانان به‌ڕێوه‌یه‌
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ وه‌رزی یه‌كه‌می یاساداناندا نه‌یتوانی رێككه‌وتن له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی یاسا گرنگه‌كان بكات، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ (یاسای دادگای فیدراڵی، یاسای نه‌وت و غاز، یاسای ئازادیی راده‌ربڕین و یاسای "من أين لك هذا؟"، بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ نایاسایی پاره‌ و ماڵیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ و كۆده‌كه‌نه‌وه‌).

هه‌روه‌ها به‌هۆی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌ تونده‌كانه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌سته‌وه‌ستان بوو له‌ كاراكردنه‌وه‌ی مافی پرسینه‌وه‌ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق. جگه‌ له‌وه‌ش پێشبینی ده‌كرێت ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران رووبه‌ڕووی گه‌ڕێكی نوێی بۆچوونی جیاواز ببێته‌وه‌ له‌ دیاریكردنی رێوشوێنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مادده‌ی 140ـی ده‌ستووری عێراق كه‌ په‌یوه‌نداره‌ به‌ (ناوچه‌ ناكۆكیی له‌سه‌ره‌كان‌) كه‌ له‌وه‌تای ده‌رچوونییه‌وه‌ كورد داوای جێبه‌جێكردنی ده‌كات و هه‌ندێك له‌ ھێز و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ دژی جێبه‌جێكردنی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و حكوومه‌ته‌كانی پێشووی عێراقیش هیچ هه‌نگاوێكی جدییان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ نه‌ناوه‌.

هه‌موو ئه‌وانه‌ش وایانكردووه‌ پاڵ به‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بنێت بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنی نه‌خشه‌یه‌كی نوێی سیاسی بكه‌ن له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا. سه‌رچاوه‌ی ئاگاداری په‌رله‌مانیش به‌ رۆژنامه‌ی "العربي الجديد"ـی گوتووه‌: "هێزه‌ سیاسییه‌كان جه‌ژنی قوربانیان قۆستووه‌ته‌وه‌ و له‌ دوو رۆژی رابردوودا چه‌ندین دیدار و چاوپێكه‌وتنیان له‌ به‌غدا و نه‌جه‌ف ئه‌نجامداوه‌ و پرسی دواكه‌وتنی په‌سه‌ندكردنی یاسا گرنگه‌كانیان تاوتوێ كردووه‌. به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ندێك كوتله‌ی په‌رله‌مانیی سه‌رنجیان له‌سه‌ری هه‌یه‌ و چه‌كی ئاماده‌نه‌بوونی نوێنه‌ره‌كانیان بۆ ته‌واونه‌بوونی رێژه‌ی یاسایی به‌كارهێناوه‌ تا شكست به‌ تێپه‌ڕاندنی یاساكان بهێنن".

هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی قسه‌ی په‌رله‌مانتارێكی هاوپه‌یمانێتی چاكسازیی عێراقی كه‌ قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ كردووه‌، گفتوگۆیان له‌باره‌ی ئاستی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه‌ و سه‌ركرده‌كانی فه‌تح و چاكسازیی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنه‌وه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و باسی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسا گرنگانه‌یان كردووه‌ كه‌ له‌ وه‌رزی یه‌كه‌می یاسادانان په‌سه‌ند نه‌كرابوون".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "یاساكانی دادگای فیدراڵی، نه‌وت و غاز، دۆسیه‌ی مادده‌ی 140 و لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی عێراق، گرنگترین ئه‌و یاسانه‌ن چاوه‌ڕوانی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ن له‌ وه‌رزی نوێی یاساداناندا كه‌ بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتووه‌وه‌ ده‌ستپێبكات".

هه‌روه‌ها ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه‌، له‌باره‌ی یاسای (من أين لك هذا؟) كه‌ كۆكردنه‌وه‌ی ماڵ و پاره‌ به‌ نایاسایی ده‌گرێته‌وه‌، له‌نێوان هه‌ندێك كوتله‌دا ناكۆكیی هه‌یه‌. چونكه‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانیان پێشتر له‌ حكوومه‌تدا پۆستیان هه‌بووه‌ و دواتر هاتوونه‌ته‌ په‌رله‌مان، ئه‌و یاسایه‌ش لێپێچینه‌وه‌ له‌ سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و عێراقیانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ نایاسایی پاره‌یان كۆكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ یاساكه‌شدا ئه‌وانه‌ی له‌ 2005 به‌دواوه‌ ئه‌و كاره‌یان كردبێت ده‌یانگرێته‌وه‌.

گرنگیی ئه‌و یاسایانه‌ وای له‌ ره‌عد ده‌هله‌كی، ئه‌ندامی په‌رله‌مان كرد، داوا بكات نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی بقۆزرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یاساكان له‌ناو په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێن، به‌تایبه‌تی یاسای دادگای فیدراڵی كه‌ پێویستی به‌ ده‌نگی سێ له‌سه‌ر چواری په‌رله‌مانتارانه‌، چونكه‌ یاسایه‌كی ده‌ستوورییه‌ و نوێنه‌رایه‌تی بڕبڕه‌ی پشتی پرۆسه‌ی سیاسی ده‌كات".

ده‌هله‌كی ده‌ڵیت: "یاسای دیكه‌ش هه‌ن ناكۆكییان له‌سه‌ره‌، پوێسته‌ ئه‌و یاسایانه‌ نه‌مرێنرێن، به‌ڵكو له‌ گۆشه‌ی جیاوازه‌وه‌ ته‌ماشای بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕگه‌كانی به‌هێزتر بكرێت".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ حه‌سه‌ن فه‌دعه‌م، په‌رله‌مانتاری ره‌وتی حیكمه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریی بكرێت هاوپه‌یمانێتییه‌ سیاسییه‌كانی ناو په‌رله‌مانیش ده‌گرێته‌وه‌. فه‌تح و سائیرون و پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتیی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كه‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پاڵپشتییكردنی، ره‌وتی حیكمه‌ چووه‌ته‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن و ده‌وڵه‌تی یاسا و هێزه‌ سونییه‌كانیش له‌ دووره‌وه‌ به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ چاودێریی ره‌وشه‌كه‌ ده‌كه‌ن".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێیوایه‌ له‌ وه‌رزی نوێی یاساداناندا چه‌ندین پرۆژه‌ یاسای گرنگ ده‌خرێنه‌ روو، له‌وانه‌ یاسای دادگای فیدراڵی و ئازادیی راده‌ربڕین و یاسای نه‌وت و غاز و لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تیش ده‌گرێته‌وه‌".









K24
Top