سه‌رۆكی كوتله‌ی سادقون سه‌ركرده‌كانی عێراق به‌ خیانه‌تكار و گه‌نده‌ڵ و وڵاتفرۆش ناوده‌بات

سه‌رۆكی كوتله‌ی سادقون سه‌ركرده‌كانی عێراق به‌ خیانه‌تكار و گه‌نده‌ڵ و وڵاتفرۆش ناوده‌بات
سه‌رۆكی كوتله‌ی سادقون له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "كاتێك باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا ده‌ڵێ سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان ره‌زامه‌ندییان داوه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بمێننه‌وه‌، واتای ئه‌وه‌یه‌، خیانه‌تكاران و به‌كرێگیراوان و گه‌نده‌ڵكاران نیشتمانیان فرۆشتووه‌".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 7/8/2019، حه‌سه‌ن سالم، سه‌رۆكی كوتله‌ی سادقون له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق گووتی: "سه‌ركۆنه‌ی لێدوانه‌كه‌ی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا ده‌كه‌ین له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی ھێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق، كاتێك ده‌ڵێت سه‌ركرده‌كانی عێراق ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داوه‌، پێشێلكارییه‌كی زه‌قی سه‌روه‌ری عێراقه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "قسه‌كانی تویڵه‌ر، واتای ئه‌وه‌یه‌، خیانه‌تكاران و به‌كرێگیراوان و گه‌نده‌ڵكاران نیشتمانیان له‌به‌رامبه‌ر پۆست و پاره‌ فرۆشتووه‌. بۆیه‌ داوا له‌ نیشتمانپه‌روه‌ران ده‌كه‌م هه‌ڵوێستی خۆیان له‌باره‌ی لێدوانه‌كانی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا روون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ سوكایه‌تییه‌ به‌ گه‌لی عێراق".

داواشی له‌ حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كردووه‌ لێدوانه‌كانی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا ره‌تبكه‌نه‌وه‌ و تویڵه‌ر بانگ بكه‌ن و یاداشتنامه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بده‌نێ و داوای لێبكه‌ن ده‌ست له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق وه‌رنه‌دات.

هه‌روه‌ها داوا له‌ كوتله‌كانی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات، وه‌ڵامی ئه‌و جۆره‌ پێشێلكارییه‌ بده‌نه‌وه‌ و به‌ ده‌ركردنی یاسایه‌ك هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌.







K24 -
Top