حەشدی شەعبی کۆتایی بە ئەرکەکانی قۆناخی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی ورەی سەرکەوتن هێنا
حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ "حەشدی شەعبی کۆتایی بە ئەرکەکانی قۆناخی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی ورەی سەرکەوتن هێنا، کە رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگە بەردەوام بوون بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی باکووری شارەبان، باکووری گوڵاڵە و خانەقین لە دیالە، ناوچەکانی باشووری مووسڵ، گردەکانی عەتشانە، زنجیرە چیای بادووش و شێخ ئیبراهیم لە نەینەوا".
ئەو هێزانەی لە قۆناخی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی ورەی سەرکەوتن بەشداربوون بریتین لە: حەشدی شەعبی، سوپای عێراق، لیوای مغاویر، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی دیالە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی نەینەوا، هێزی ئاسمانیی سوپا و هێزی ئاسمانیی عێراق، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەش پاککردنەوەی ناوچەکە بوو لە چەکدارانی داعش.
ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجامدرا. رۆژی (دووشەممە، 5-8-2019) عادل عەبدولمەهدی لە دیالە بوو بۆ ئەوەی وەکو فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، راستەوخۆ سەرپەرشتیی قۆناخی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەکە بکات، ئۆپەراسیۆنێک کە لەدوای 48 کاژێر لە ھۆشدارییەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکرد.
ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دابوو لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش و، زانیارییە ھەواڵگرییەکان کە دەستی رووداو کەوتوون ئاماژە بەوە دەکەن "ئێستا نزیکەی چوار ھەزار چەکداری داعش لە عێراق چالاکن".
قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ورەی سەرکەوتن، ناوچەکانی نێوان پارێزگاکانی سەڵاحەدین و نەینەوا و ئەنباری گرتەوە تاوەکو سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەش کە مانگی رابردوو ئەنجامدرا، ناوچەکانی دەوروبەری بەغدای گرتبووەوە.
رووداو