کێشەی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا چارەسەر کرا
کێشەی خۆپیشاندانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکنی دەشتی نەینەوا، چارەسەر کرا.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 6-8-2019، عوسمان غانمی، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، جومعە عیناد حەلجبوریی فەرماندەی هێزی وشکانیی عێراق و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، گەیشتنە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو فەرماندە عێراقییانە رێککەوتوون لەسەر بەڕێوەبردنی بارودۆخی ئەمنیی دەشتی نەینەوا لە نێوان پۆلیس، سوپا و حەشدی شەعبی، بەڵام بەومەرجەی ئەو هێزە هاوبەشە بە فەرمانی سوپا بجوڵێتەوە.
بەهۆی ئەوەی بڕیاری دەرکردنیان لەناو شاری مووسڵ دراوە، رۆژی دووشەممە 5-8-2019ش میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە بازگەی بەرتللە لە دەشتی نەینەوا گردبوونەوەیەکیان ساز کرد و رێگای هەولێر - مووسڵیان داخست.
هێزێکی سوپای عێراق بە مەبەستی کردنەوەی رێگاکە و کۆتایی هێنان بە گردبوونەوەکە، چوونەتە ناوچەکە، بەڵام حەشدی شەعبی، کە ژمارەیەکیان بە جلی مەدەنی وەک هاووڵاتی بۆ پشتگیریی حەشد لەوێ بوون، بە سووتاندنی تایە و دانیشتن لەسەر شەقام، رێگری یان لەو هێزەی سوپای عێراق کردووە.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز