به‌رپرسێکی پارتی: حەشدی شەعبی بە داخستنی ڕێگاکانی مووسڵ زیان لە خەڵکی دەدەن

به‌رپرسێکی پارتی: حەشدی شەعبی بە داخستنی ڕێگاکانی مووسڵ زیان لە خەڵکی دەدەن
به‌رپرسی لقی مووسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشکرای کرد، حەشدی شەعبی بە داخستنی ڕێگەی هاتوچۆ لەسەر خەڵکی مووسڵ، زیان بە دانیشتووانی شارەکە دەگەیەنن.

عه‌لی خه‌لیل، بەرپرسی لقی ١٤ی مووسڵی پارتی ڕايگەیاند: "لیوای 3ی میلیشیاکانی حه‌شدی شه‌عبی ڕێگای سه‌ره‌كیی مووسڵیان بۆ هەردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك داخستووە“.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەم کارەی حەشدی شەعبی پەیوەندی بە بڕیارێکی ماوەیەک لەمەوبەری عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە هەیە.

عەلی خەلیل ئاماژەی بەوە کرد کە عەبدولمەهدی بڕیاری کردووە لیوای ٣ی حەشدی شەعبی لە مووسڵ بکشێنەوە و خۆیان ڕادەستی سوپای عێراق بکەن، بەڵام ”ئەوان بەو بڕیارەوە پابەند نین و ئەوەتا ڕێگای هاتوچۆیان داخستووە“.

بەرپرسەکەی پارتی جەختی کردەوە کە داخستنی ڕێگاکە زیانێکی زۆر بە خەڵکی مووسڵ دەگەیەنێت، چونکە دانیشتووانی شارەکە پێویستییەکی زۆریان بە هەولێر و دهۆک هەیە.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو کارەی حەشدی شەعبی دەیكات، دژایەتیكردنی بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراقە و حیسابنەكردنە بۆ بڕیارەكانی، جگە لەوەش ”دژایەتیكردنی خەڵكی ئێمەیە، بۆیە دەبێت سنوورێكیان بۆ دابنرێت".










باسنيوز
Top