ئێران ده‌ڵێ كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگرەكە عێراقییه‌ و عێراق ده‌ڵێ كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌ی عێراقی نییه‌

ئێران ده‌ڵێ كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگرەكە عێراقییه‌ و عێراق ده‌ڵێ  كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌ی عێراقی نییه‌
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌ی ئێران له‌ ئاوه‌كانی كه‌نداو ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت و نه‌وتی به‌ قاچاخ ده‌برد عێراقی بووبێت.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی گوتووه‌، ئه‌و كه‌شتییه‌ی كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، عێراقی نییه، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی "زه‌یتی غاز" نانێرێته‌ بازاڕه‌كانی جیهان و ته‌نها نه‌وتی خاو و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییانه‌ی ئاشكرا كراوه‌ و له‌ چوارچێوه‌ و رێوشوێنی دیاریكراودان ده‌نێرێته‌ ده‌ره‌وه‌".

ئه‌و قسانه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق پاش ئه‌وه‌هات كه‌ سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌شتییه‌ی له‌ كه‌نداو ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌ نه‌وتی عێراقی به‌ قاچاخ بردووه‌.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقیش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌: "لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی زانیارین له‌باره‌ی ئه‌و نه‌وتهه‌ڵگره‌وه‌ كه‌ ئێران ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌".

به‌ڵام دوو به‌رپرسی كه‌ناراوه‌كانی عێراق گوتوویانه‌، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌رتاییه‌كان ئه‌و نه‌وتهه‌ڵگره‌ بچووكه‌ سه‌ر به‌ كۆمپانیایه‌كی كارگۆیه‌ كه‌ سه‌رمایه‌داریكی عێراقی خاوه‌نێتی‌.

پێشتر ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵده‌ری ئێرانی ئاشكرایكردبوو، ئه‌و كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌ی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ ئاوه‌‌كانی كه‌نداو ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت، عێراقییه‌ و ناوی "هیتا"ـیه‌.

ئاژانسه‌ ئێرانییه‌كه‌ بڵاویكرده‌وه‌، پرۆسه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و كه‌شتییه‌، له‌ دووری 18 میل له‌ دوورگه‌ی فارسی ئێرانی له‌ ئاوه‌كانی كه‌نداو ئه‌نجامدراوه‌.





K24
Top