شاندی ئەمریکا و تاڵیبان لە قەتەر کۆدەبنەوە

 شاندی ئەمریکا و تاڵیبان لە قەتەر کۆدەبنەوە
جارێکی دیکە شاندی ئەمریکا و بزووتنەوەی تاڵیبان لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی ئەفغانستان لە دەوحە کۆدەبنەوە.

پێش ئەم گەڕەی کۆبوونەوەکان، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "ئەوەی پەیوەندی بە ئەفغانستانەوە هەیە؛ پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە. ئێمە دانوستاندن دەکەین، بەڵام پێشکەوتنی باشیشمان بەدەستهێناوە. ماوەی 19 ساڵە لەوێین و وەک پۆلیس خزمەت دەکەین. دەمانتوانی لە ماوەی دوو رۆژ یان سێ رۆژ یان چوار رۆژدا سەربکەوین، بەڵام چاوم لەوە نییە 10 ملیۆن کەس بکوژم".

لە پایتەختی ئەفغانستانیشەوە، خەڵکێکی زۆر ئومێدەوارن دانوستاندنەکان کۆتایی بە رەوشی خراپی وڵاتەکەیان بهێنن و دوای ساڵانێکی زۆر، ئارامی و ئاسایش باڵ بەسەر ئەفغانستاندا بکێشێت.

عەلی یارمال، دانیشتووی کابوول دەڵێ "دەمانەوێت تاڵیبان بە پرۆسەی ئاشتی پابەندبێت. وەکو گەنجێک ترسی ئەوەم هەیە جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆ لە ئەفغانستان دەستپێبکاتەوە. ئەگەر شەڕ رووبداتەوە، هەموو دەستکەوت و هەوڵەکانمان بەفیڕۆدەچن".

ژمارەیەکی بەرچاو لە کچان و ژنانی ئەفغانستان داوا لە ئەمریکا دەکەن لە هەر رێککەوتنێکدا لەگەڵ تاڵیبان جەخت لەسەر پاراستنی بەهاکان بکاتەوە، لەوانەش مافەکانی ژن.

سومەییە مستەفا، دانیشتووی کابوول باس لەوە دەکات "تاڵیبان دژی ژن و دەستکەوتەکانیان وەستاوەتەوە. ئەگەر ئەوان ژن و دەستکەوتەکانیان لە رێککەوتنی ئاشتیدا پەسەند بکەن کارێکی زۆر باش دەبێت، بەڵام ئەگەر ئاشتی بەدەستبهێندرێت بێ ئەوەی مافی ژن بدرێت، کارێکی باش نابێت".

لە ساڵی 2001 ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و کۆتایی بە دەسەڵاتی تاڵیبان هێنا، بەڵام لەو کاتەوە تووندوتیژی لەو وڵاتە بەردەوامە و دەیان هەزار کەس کوژراون.

تاوەکو ئێستا هەزاران سەربازی ئەمریکا لە ئەفغانستان ماونەتەوە، ئەمەش بە درێژترین شەڕ لە مێژووی ئەمریکا دادەنرێت، بۆیە ئەمریکا دەیەوێت هەزاران سەربازی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە، بەڵام دڵنیایی دەوێت لە چەکدارەکان کە لەگەڵ قاعیدە یەکناگرنەوە و رێگردەبن لە چەکداری دیکەی وەکو چەکدارانی داعش کە وڵاتەکە وەکو ناوچەیەکی ئارام بۆ خۆیان بەکاربهێنن.

تاڵیبان بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ئیسلامیی سوننیی سیاسیی چەکدارە، کە هەندێک لایەن بە تووندئاژۆ وەسفی دەکەن. بزووتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی 1994 دامەزراوە و حوکمی بەشێکی زۆری ئەفغانستانی کردووە، پاشان لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر کابوول، پایتەختی وڵاتدا گرتووە تاوەکو ئەمریکا لە ساڵی 2001 لە حوکمی لادا. ئێستا هەیبەتوڵڵا ئاخوندەزادە ئەمیری تاڵیبانە.



روداو
Top