عێراق بەشداریی کۆبوونەوەی ئاستانە 13 دەکات
عێراق بەشداریی کۆبوونەوەی 13ـەهەمی ئاستانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا، دەکات.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 1-8-2019، کۆبوونەوەی 13ـەهەمی ئاستانە لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بەڕێوە بچێت و دوو رۆژ بەردەوام بێت.
لەو گەڕەی دانوستاندنەدا، نوێنەرانی رژێمی سووریا و گرووپەکانی ئۆپۆیسیۆن بەشداریی دەکەن وهەرسێ وڵاتی لوبنان، ئوردن و عێراقیش بەشێوەی چاودێر، بەشداریی دەکەن.
دانوستاندنەکانی ئاستانە بە چاودێریی هەریەکە لە رووسیا، تورکیا و ئێران و ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی پەنابەرانی جیهانی و لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی، ساز دەکرێن.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ناوخۆ ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریشیان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەری سووریا و جیھان بردووە، جگە لە کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس.
باسنیوز