ژمارەی چەکدارە تیرۆریستەکان لە عێراق ئاشکرا دەکرێت

ژمارەی چەکدارە تیرۆریستەکان لە عێراق ئاشکرا دەکرێت
پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق ژمارەی چەکدارە تیرۆریستەکان لە وڵاتەکەی، ئاشکرا دەکات.

حاکم زاملی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی (RT)ی راگەیاندووە، ئێستا 1500 چەکداری تیرۆریست، کە زۆربەیان سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشن، لە عێراقدا هەن.

حاکم زاملی هەروەها رایگەیاندووە، ئەو چەکدارانە لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار بە ئارەزووی خۆیان هاتوچۆی نێوان عێراق و سووریا دەکەن.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەشێکی دیکەی ئەو تیرۆریستانە، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.

تا پێش خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هەموو ناوچە کوردستانییەکان لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوون و هیچ چەکدارێکی داعش لەق ناوچانە نەبوون، بەڵام دوای خیانەتەکە، میلیشیا و هێزە عێراقییەکان ئەو ناوچانەیان داگیرکرد و توانای رووبەڕووبوونەوەی داعشیشیان نییە.

بوونی 1500 تیرۆریست لە عێراق لەکاتێک دایە، لە مانگی 12ـی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق رایگەیاند، هێز و میلیشیاکانیان کۆتاییان بە داعش و هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە عێراق، هێنا.











باسنيوز
Top