ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، رێبه‌ری داعش له‌ سووریایه‌ و تووشی ئیفلیجی بووه‌

ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، رێبه‌ری داعش له‌ سووریایه‌ و تووشی ئیفلیجی بووه‌
شانه‌ی هه‌ڵۆی هه‌واڵگریی، سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند: "ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، رێبه‌ری داعش له‌ سووریایه‌ و تووشی ئیفلیجی بووه‌".

ئه‌بو عه‌لی به‌سری، سه‌رۆكی شانه‌ی هه‌ڵۆی هه‌واڵگریی به‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی سه‌باحی عێراقی گوتووه‌: "دوای شكسته سه‌ربازییه‌كانی داعش له‌ عێراق و سووریا، به‌رده‌وام مه‌ترسی كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر ئیبراهیم عه‌واد به‌نده‌ر سامه‌ڕایی كه‌ به‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ناسراوه‌ و ئێستا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ یاریده‌ده‌ره‌ عه‌ره‌ب و بیانییه‌كانی له‌ سووریایه‌".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "له‌ ماوه‌ی رابردوودا كاری گه‌وره‌ و سه‌ره‌كی به‌غدادیی بووه‌ به‌ رێگریكردن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ هه‌واڵگرییه‌كان و پاراستنی رێكخراوه‌كه‌ی له‌ هه‌ر هه‌وڵێكی دزه‌كردنه‌ ناوی".

عه‌لی به‌سری ده‌ڵیت: "به‌غدادی بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی له‌ ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ سووریا و ئۆپراسیۆنی نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌ددین و ئه‌نبار و ناوچه‌كانی دیكه‌ كوژراون، چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی كردووه‌".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "به‌هۆی ئۆپراسیۆنێكی شانه‌ی هه‌ڵۆی هه‌واڵگریی و هێزی ئاسمانی، به‌غدادی به‌ر پارچه‌ی مووشه‌ك كه‌وتووه‌ و بڕبڕه‌ی پشتی كێشه‌ی تێكه‌وتووه‌ و تووشی ئیفلیجی بووه‌، ئه‌و كاته‌ی مووشه‌كه‌كه‌یان ئاراسته‌كراوه‌ ساڵی 2018 بوو، له‌ ناوچه‌ی هه‌جین له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای دێره‌زوور له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ره‌كانی له‌ كۆبوونه‌وه‌دا بوون".

ئه‌و قسانه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێشتریش چه‌ندین زانیاریی له‌باره‌ی چاره‌نووسی به‌غدادی بڵاوكرایه‌وه‌، به‌ڵام رۆژی 29/4/2019 ڤیدیۆیه‌كی 18 خوله‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و باسی شه‌ڕه‌كانی بۆ لایه‌نگرانی ده‌كرد.






K24
Top