ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی حەشدی شەعبی بۆردومان دەکات
ژمارەیەک میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکەن، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە بنکەیەکی سەربازیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆردومان دەکەن.
دوو رۆژە دەنگۆی بۆردومانکردنی سەربازگەی ئەشرەف لە پارێزگای دیالە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل باس دەکرێ.
ئەو دەنگۆیانە هاوکاتن لەگەڵ تەقینەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی لە سەربازگەی ئەشرەف، کە پێشتر چەکدارانی سەر بە میلیشیای موجاهیدینی خەڵقی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی تێدا بوو و لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی، گواسترانەوە ئەلبانیا.
ماڵپەڕی (RT)ـی رووسی لە زاری سەرچاوەیەکی حکوومەتی عێراقییەوە روودای بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر سەربازگەکە رەت کردووەتەوە.
ئەو سەرچاوە عێراقییە رایگەیاندووە، تەقینەوەکان بەهۆی خراپیی شێوازی هەڵگرتنی چەکەکان لە کۆگاکان و بەهێزیی تیشکی خۆر، روویان داوە نەک بۆردومان کرد.
رێکخراوی بەدر، کە هادی عامریی سەرۆکی حەشدی شەعبی سەرۆکایەتیی دەکات، گرووپێکی بەهێزی حەشدی شەعبییە، دوای دەرکردنی موجاهیدینی خەڵق، لەو سەربازگەیە جێگیر کران.
میلیشیای بەدر خۆی لە بەرەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل یەکلا کردووەتەوە.
باسنیوز