26 پەرلەمانتاری عێراق داوای بینینی گرێبەستێکی گوماناویی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن
ئەمڕۆ شەممە 27-7-2019، عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، 26 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر داواکارییەکە کردووە، کە ئاراستەی وەزیری ناوخۆی عێراق کراوە.
ئەو 26 پەرلەمانتارە گومانیان لە بوونی گەندەڵی لە گرێبەستەکە هەیە و داوا لە وەزیری ناوخۆ دەکەن پەڕاوەکانی گرێبەستەکە بنێرێتە پەرلەمان و سەرلەبەری بابەتەکە ئاشکرا بکات.
لە ساڵی 2018، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەگەل کۆمپانیای میستوبوشی رێککەوتووە بۆ کڕینی شەش ھەزار ئۆتۆمبێلی پیکاب میتسوبوشی بزوێنەری چوار پستۆنیی مۆدێل 2019 بۆ ھێزەکانی ناوخۆ بە بڕی 34 ھەزار دۆلار بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێک.
دەستەی دەستپاکی (نەزاھە)ی عێراقی گومانی لە گرێبەستەکە ھەبووە، بۆیە بەدواداچوونی بۆ کردووە و داوای روونکردنەوەی لە کۆمپانیا یابانییەکە کردووە.
لە وەڵامی کۆمپانیاکەدا ھاتووە، ئەو ئۆتۆمبێلانە ھەریەکەیان بە 11 ھەزار و 713 دۆلار فرۆشراون نەک 34 ھەزار دۆلار و بڕیار بووە لە چەندی مانگی داھاتوو، بنێردرێنە عێراق، بەو پێیەش بێت لە هەر ئۆتۆمبێلێک، 22 هەزار و 287 دۆلار پارەی زیاتر لە نرخی راستەقینەی خۆی نووسراوە.
گرێبەستەکە لەو کاتەدا کراوە، کە قاسم ئەعرەجیی سەرکردە لە میلیشیای بەدر وەزیری ناوخۆ بووە (لە مانگی 1ـی 2016 تا مانگی 5ـی 2018) و سەرچاوە عێراقییەکانیش ئەعرەجی بە گەندەڵی تاوانبار دەکەن.
باسنيوز